گەرمیان..ڕووداوێكی هاتووچۆ ڕوویدا و قوربانی هەیە
كاروان كەلاری/ باڵكێش
ئەمشەو شەممە، 21ی تشرینی دووەم، لەسەر ڕێگای کەلار- باوەنور ڕووداوێکی هاتووچۆ لەجۆری پێكدادان لەنێوان دوو ئۆتۆمبیل لەجۆری (مارسیدس بارهەڵگر) ڕوویدا و بەو هۆیەوە شۆفێری یەکیک لە ئۆتۆمبێلەکان گیانی لەدەستدا.
موقەدەم عەبدولڕەحمان زەهاوی، بەرپرسی ڕاگەیاندنی بەڕێوەبەرایەتی هاتووچۆی گەرمیان بە باڵكێشی وت، ڕووداوەكە لەنزیك گوندی (سەید مەحمود)ی سەر بە ناحیەی باوەنوور ڕوویداوە.
وتیشی، بەهۆی ڕووداوەكەوە شۆفێری یەكێك لە ئۆتۆمبێلەكان گیانی لەدەستداوە و شۆفێرەکەی تریش برینداربووە و بۆ وەرگرتنی چارەسەر ڕەوانەی نەخۆشخانەی شەهید (مەلا ئەحمەد کەلاری) کراوە.
ئەوەشی خستەڕوو، كە بریندارەكە بەهۆی سەختی برینەکەیەوە ڕەوانەی نەخۆشخانەی سلیمانی کراوە و لێکۆڵینەوەش لە چۆنیەتی و هۆكاری ڕووداوەکە لەلایەن تیمەکانی هاتووچۆی گەرمیانەوە دەستیپێکردووە.