وردەکاریی سزادانی سێ سەرکردەکە و هەڵوێستی هاوسەرۆکانی یەکێتی

رۆژنامەنووسێک وردەکاریی کۆبوونەوەکەی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی یەکێتیی نیشتمانی کوردستان بڵاودەکاتەوە و لە وتارێکیدا بەناوی ” شێره‌كانى میدیا و رێوییه‌كانى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى ” رەخنە لە هاوسەرۆک و ئەندامانی سەرکردایەتی دەگرێت و پێیوایە سیاسەتێکی “دوو فاق” دەکەن.

سەرتیپ وەیسی، لە پۆستێکیدا لە فەیسبووک نووسیویەتی” ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مرۆیدا، كۆمه‌ڵێك بابه‌تى تاوتوێكرد، به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و قسانه‌ى به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كان به‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وام له‌ میدیاكان ده‌یكه‌ن، هیچ كام له‌و بڕیارانه‌ له‌ ئاستى ره‌زامه‌ندى و خواستى ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ڕى یه‌كێتیى نییه‌، ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ى له‌ كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ریده‌بڕن جۆرێك له‌ ئیزدیواجیه‌تى تێدایه‌، جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و قسانه‌ى له‌ سۆشیال میدیا ده‌یكه‌ن”.

دەقی وتارەکە

شێره‌كانى میدیا و رێوییه‌كانى كۆبوونه‌وه‌ى سه‌ركردایه‌تى

ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى یه‌كێتیى له‌ كۆبوونه‌وه‌ى ئه‌مرۆیدا، كۆمه‌ڵێك بابه‌تى تاوتوێكرد، به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و قسانه‌ى به‌شێك له‌سه‌ركرده‌كان به‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كان به‌رده‌وام له‌ میدیاكان ده‌یكه‌ن، هیچ كام له‌و بڕیارانه‌ له‌ ئاستى ره‌زامه‌ندى و خواستى ئه‌ندام و جه‌ماوه‌ڕى یه‌كێتیى نییه‌، ئه‌و هه‌ڵوێستانه‌ى له‌ كۆبوونه‌وه‌كان ده‌ریده‌بڕن جۆرێك له‌ ئیزدیواجیه‌تى تێدایه‌، جیاوازه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و قسانه‌ى له‌ سۆشیال میدیا ده‌یكه‌ن.

له‌سه‌ر بابه‌تى به‌ لاواز نیشاندانى شاندى دانوستاندنكار له‌ لایه‌ن لاهور شێخ جه‌نگى، له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆدا ناوبراو ئاماژه‌ى به‌وه‌كردوه‌، مه‌به‌ستیان له‌ (قوباد تاڵه‌بانى و مه‌سرور بارزانى) نه‌بوه‌، به‌ڵكو مه‌به‌ستیان ( فوئاد حسین و ڤیان سه‌برى، سه‌رۆكى فراكسیۆنى پارتى بوه‌ له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق)، ئه‌وه‌ش جۆرێك بوو له‌ پاشگه‌زبوونه‌وه‌ى هاوسه‌رۆكى یه‌كێتیى له‌ وته‌كانى پێشووترى كه‌ تیمى حكومه‌تى به‌ لاواز نیشاندابو.

له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا ده‌ستى خۆشى له‌ هه‌ریه‌ك له‌ ( قوباد تاڵه‌بانى و رێواز فایه‌ق)كراوه‌، چونكه‌ به‌ پێى رێككه‌وتنێكى پێشوه‌خته‌ى هاوسه‌رۆكان له‌گه‌ڵ ( قوباد تاڵه‌بانى و رێواز فایه‌ق) بۆئه‌وه‌ى هه‌ردووكیان هیچ قسه‌و روونكردنه‌وه‌یه‌ك نه‌ده‌ن له‌ باره‌ى به‌شداریكردنى هه‌ردووكیان له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى سێ سه‌رۆكایه‌تییه‌كه‌، ستایش كراون، دواجاریش  هه‌ردوولا بێ ده‌نگیان نواندوه و قسه‌ى جدیان له‌وباره‌یه‌وه‌ نه‌كردوه‌، به‌ڵام بۆئه‌وه‌ى هاوسه‌رۆكان قسه‌ى خۆیان نه‌خۆنه‌وه‌ و نه‌بێته‌ عه‌یبه‌یه‌ك بۆیان، دواجار به‌ سه‌ره‌نجدان و ئاگاداركردنه‌وه‌یه‌ك بۆ سه‌رۆكى په‌رله‌مان و جێگرى سه‌رۆكى حكومه‌ت كۆتایى به‌و كێشه‌یه‌ هێنرا و ئه‌وانیش پێشوه‌خته‌ قبوڵیان بوه‌.

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌ى ئه‌مڕۆدا، (ئاراس شێخ جه‌نگى) پێشنیازى كردوه‌، یه‌كێتیى له‌گه‌ڵ پارتى یه‌ك بگرێته‌وه‌، چونكه‌ به‌ به‌پێى وته‌كانى ناوبراو، له‌ ئێستادا ئه‌و دوو حزبه‌ هیچ جیاوازییه‌كیان نه‌ماوه‌ و ده‌زگاى زانیارى یه‌كێتیى هاوشێوه‌‌ى ده‌زگاى پاراستنى پارتى  به‌ ئاره‌زووى خۆیان به‌رپرس و ئه‌ندامانى ئۆڕگانه‌كانى ئه‌و حزبه‌ داده‌نێن، یاخود له‌ هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ریانده‌چوێنن‌. به‌ بڕواى ئه‌و ئه‌و حزبه‌ هیچى به‌سه‌ر هیچه‌وه‌ نه‌ماوه‌.

به‌شێك له‌ ئه‌ندامانى سه‌ركردایه‌تى له‌سه‌ر هه‌ڵوێسته‌كانى پێشووى یه‌كێتیى  له‌ باره‌ى كشانه‌وه‌یان له‌ حكومه‌ت، داواى روونكردنه‌وه‌یان كردوه‌، به‌ڵام وه‌ڵامى هاوسه‌رۆكان ئه‌وه‌بوه‌، كه‌ په‌یڕه‌وێكیان ئاماده‌كردوه، ‌به‌مه‌به‌‌سه‌تى په‌سه‌ندكردنى له‌ ئه‌نجومه‌نى وه‌زیران بۆ شۆِركردنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كان بۆ پارێزگاكان، به‌ڵام هیچ ئاماژه‌یه‌كیان به‌ كشانه‌وه‌ نه‌كردوه‌ له‌ كاتى جێبه‌جێنه‌كردنى ئه‌و په‌یڕه‌وه‌.

هه‌ر له‌و كۆبوونه‌وه‌یه‌دا باڤڵ تاڵه‌بانى ره‌خنه‌ى لێگیراوه‌ له‌سه‌ر كۆبوونه‌وه‌ى له‌گه‌ڵ پارتى، به‌ڵام ناوبراو وتوویه‌تى، ده‌بێ ئه‌وه‌ بزانرێت كه‌ ئه‌و سه‌ركردایه‌تییه‌ به‌ دواى كێشه‌وه‌ن‌، یاخود چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كان، ئه‌گه‌ر به‌ دواى چاره‌سه‌ركردنن ئه‌وا گوێ به‌ هیچ شتێك نادات و هه‌موو رێگه‌یه‌ك ده‌گرێته‌ به‌ر بۆ كۆبوونه‌وه‌.

بڕیاڕى سڕكردنه‌كه‌ى مه‌لا به‌ختیاریش  هیچ ئه‌همیه‌تێكى ئه‌وهاى نییه‌، چونكه‌ ئه‌گه‌رى زۆره‌ ئه‌نجوومه‌نى باڵاى سیاسى روونكردنه‌وه‌ و نامه‌ى هه‌بێت و خۆشى له‌و باره‌یه‌وه‌ روونكردنه‌وه‌ ده‌دات و له‌ بایه‌خى ئه‌و بڕیاره‌ كه‌م ده‌كاته‌وه‌.

زۆربه‌ى جار له‌ راگه‌یاندنه‌كان  و سۆشیال میدیا، لاهور شێخ جه‌نگى  و به‌شێك له‌‌ به‌رپرسانى ئه‌و حزبه،‌ باس له‌ محاسه‌به‌كردنى تیمى یه‌كێتیى له‌ حكومه‌ت و كشانه‌وه‌ له‌ حكومه‌ت ده‌كه‌ن، به‌ڵام له‌ كۆبوونه‌وه‌كانى ئه‌نجومه‌نى سه‌ركردایه‌تى به‌ پێچه‌وانه‌ى ئه‌و زمانه‌ تونده‌ى له‌ میدیاكان  هه‌یانه‌،  نه‌ لاهور شێخ جه‌نگى و نه‌ هیچ كام له‌ سه‌ركرده‌كانى ئه‌و حزبه‌ هیچ قسه‌یه‌كیان نییه‌ و وه‌ك ئه‌وه‌ وایه‌ هیچ رووی نه‌دابێت.

ئه‌م ئیزدیواجیه‌ته‌ له‌ هه‌ڵوێسته‌كانى ئه‌و حزبه‌ سه‌رى له‌ ئه‌ندامان و خه‌ڵكى شێواندوه‌،‌ له‌ ئێستادا یه‌كێتیى به‌ دوو ئاڕاسته‌ كارده‌كه‌ن، ئاڕاسته‌یه‌كى له‌ هه‌ولێر و حكومه‌تن ( به‌ حساب له‌ پارتى نزیكن)  له‌ حه‌قیقه‌ته‌كه‌ گه‌یشتوون و زۆر گوێ به‌و قسه ‌و موزایه‌دانه‌ و ره‌خنه‌ ناده‌ن، ئاراسته‌كه‌ى دیكه‌ كه‌ له‌ میدیاكانه‌وه‌ خه‌ریكى هه‌ڵوێست ده‌ربڕین و قسه‌ن، ته‌نها له‌ پێناوى ئه‌وه‌ن له‌ سلێمانى و حزبه‌كه‌یان پێگه‌یان پارێزراو بێت.

ھەواڵی زیاتر