نێچیرڤان بارزانی: بەشێکی لایەنە عێراقییەکان گەورەترین شکستی خۆیان سەلماند

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، دوای کۆبوونەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: دەنگدان بە یاسای پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجەی 2020 پێچەوانەی ئەو پرەنسیپەیە کە لە ساڵی 2003دا عێراقمان لەسەر بونیاتنا، هەروەها دژی پرەنسیپی پێکەوەژیان، هاوبەشی و هاوسەنگییە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتیشی” حکومەتی فیدراڵی لەگەڵ هەرێمی کوردستان رێککەوتووە کە 320 ملیار دینار ( کە بەشێکی زۆر کەمە) تا کۆتایی ساڵ بنێرێت و دواتر رێککەوتنێکی تر بکەین، بەڵام ئەوەی کە روویدا موفاجەئەیەکی زۆر گەورەبوو، چونکە حکومەتی هەرێمی کوردستان بە هەموو شێوەیەک ئامادەبوو لەسەر دۆسیەی نەوت رێکبکەوێت و هەموو راستییەکانیش بۆ خەڵکی کوردستان و عێراق دەخەینە روو کە بەڵگەکان بە شێوەی نووسراو هەن.

لەبارەی رێککەوتنی 50 ساڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و رۆزنەفت و کاریگەریی لەسەر رێکنەکەوتنی هەولێر و بەغدا، سەرۆکی هەرێمی کوردستان وتی، رێککەوتنی 50 ساڵەی هەرێمی کوردستان لەگەڵ تورکیا و رۆزنەفت هیچ پەیوەندی بە رێکنەکەوتنی بەغدا و هەولێرەوە نییە.

سەرۆکی هەرێمی کوردستان پێی وایە، ئەو یاسایەی تێپەڕێندراوە، دژی حیزبی سیاسی نییە، بەڵکو “رێک دژی هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستانە و هێزە سیاسییەکانی عێراق گەورەترین زەربەیان لە ئاشتی و پێکەوەژیان دا بەو کارەیان.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختی کردەوە، هەرێمی کوردستان بە هەموو جۆرێک ئامادەیە لەسەر هەموو کێشەکان لەگەڵ بەغدا گفتوگۆ و رێککەوتن بکات. کاتی ئەوەش هاتووە بەغدا شێوازی مامەڵەی لەگەڵ هەرێمی کوردستان بگۆڕێت.

پێنجشەممەی رابردوو پەرلەمانی عێراق بەبێ رەزامەندیی کورد، پرۆژەیاسای قەرزی بۆ پڕکردنەوەی کورتهێنانی بودجە پەسندکرد، ئەوەش کاردانەوەی هەرێمی کوردستانی لێکەوتەوە و ئەمڕۆ یەکشەممە کۆبوونەوەی سێ سەرۆکایەتییەکەی هەرێمی کوردستان بە ئامادەبوونی وەزیرانی حکومەت و جێگری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بەڕێوەچوو.

ھەواڵی زیاتر