شارەوانی كەلار ژمارەیەك هاوڵاتی دەداتە دادگا

كاروان كەلاری/ باڵكێش

ئه‌و خانووانه‌ى گه‌ره‌كى حه‌مرین “كوڵه‌جۆییه‌كان” له‌ كه‌لار كه‌ به‌ زیاده‌ڕۆیی دروستكرابوون و بڕیار بوو بڕوخێنرێن و ڕێگرى له‌ ڕووخاندنى كرا، ئیداره‌ى شارى كه‌لار سكاڵاى له‌سه‌ر تۆماركردوون و دراونه‌ته‌ دادگا.

ئه‌كره‌م ساڵح، سه‌رۆكى شاره‌وانى كه‌لار، ڕاگه‌یاندووە: ”به‌پێی یاسا هه‌ر زه‌وییەك به‌ زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر موڵكى شاره‌وانى دروست بكرێت، له‌لایه‌ن ئیداره‌ى شاره‌وه‌ ئاراسته‌ى داواكارى گشتى و دادگا ده‌كرێن و ڕێكارى یاساییان به‌رامبەر ده‌گیرێته‌ به‌ر.”

هه‌فته‌ى ڕابردوو، له‌كاتى چوونی تیمه‌كانى شاره‌وانى بۆ ڕوخاندنى خانوویە‌ك له‌ گه‌ڕه‌كى حه‌مرین “كوڵه‌جۆییه‌كان”، ژنێك هه‌وڵی خۆسوتاندنى دا له‌به‌رامبه‌ر ڕوخاندنى خانووه‌كه‌یان، به‌وهۆیه‌شه‌وه‌ دانیشتووانى ئە‌و گه‌ڕه‌كه‌ هێرشیان كرده‌ سه‌ر تیمه‌كانى شاره‌وانى و تیمه‌كانیش پاشه‌كشه‌یان كرد.

سەرۆكی شارەوانی كەلاریش دەڵێت، ”‌سكاڵایان له‌سه‌ر ئه‌و كه‌سانه‌ى گه‌ڕه‌كى حه‌مرین تۆماركردووە‌، به‌وپێیه‌ى زیاده‌ڕۆییان كردووەته‌ سه‌ر زه‌وی شاره‌وانى.”

گه‌ڕه‌كى حەمرین ”كوڵەجۆییەكان”، گەڕەكێكە لە قەزای كەلار و له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ به‌ زیاده‌ڕۆیی دروستكراوه‌، به‌ڵام دواتر به‌رفراوانتر بووە.

ھەواڵی زیاتر