سکرتێری رۆژنامەوانی وەزیری پێشمەرگە ڕوونکردنەوەیەکی لەبارەی ئەو دەنگۆیانە بڵاوکردەوە کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان لەبارەی دەستلەکارکێشانەوەی وەزیری پێشمەرگە بڵاوکراونەتەوە و دەڵێ”بە هەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە”.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە “هەندێک میدیای نەناسراو، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا، هەواڵی دەستلەکارکێشانەوەی بەڕێز وەزیری پێشمەرگەیان بڵاوکردووەتەوە، ئێمە لێرەوە رایدەگەیێنین، هەواڵی چەواشەکارانەی لەو شێوەیە هیچ بنەمایەکی راستی تێدا نییە و بە هەموو شێوەیەک رەتیدەکەینەوە”.
هەروەها لە روونکردنەوەکەدا ئاماژە بەوە کراوە “دەخوازین، لەم بارودۆخەی ئێستا، دەزگاکانی راگەیاندن و میدیاکاران، پاڵپشت بە پاراستنی ئیتیکی رۆژنامەوانی، رۆڵی ئەرێنی و پیشەییانەی خۆیان بگێڕن لە پاراستنی ئارامی و سەقامگیریی هەرێمی کوردستاندا”