مێژوو ماندوبونی بونی خۆم بەهیچ كەس نافرۆشمەوە، تەنها باس لە كۆتاییەكانی ساڵی (١٩٩٦) ئەكەم كە لە تەلفزیۆنی خاكەوە دەستم كرد بەكاری راگەیاندن لەگەڵ ژنێكی پراوپڕ لە میهرەبانی و خەمخۆر (هێرۆخان) خەمخۆر بۆ راگەیاندنی كوردی، بۆ هونەر، بۆكلتور، بۆ كەلەپور، بۆ مێ، بۆ ماڵ و خێزانی شەهیدان، بۆ وارسی ئەنفالكراوان، بۆ مناڵانی بێ سەرپەرشت و هتد.
ئەمە نە موجامەلەیە، نە ماستاوە بەزمانە بازاڕیەكە، بەڵكو راستیەكە و ئەبێ هەموو یەكێتیەكان و خەڵكیش بزانێ.
بەشبەحاڵی خۆم لەماوەی (٢٣) ساڵ خزمەتم لە بواری راگەیاندن لەدەزگای خاك و دواتر كوردسات نە لامداوەو نەخیانەتیشم كردووە، هەمیشەش وتومە (شێرە ژنێك) لە پشتمان بووە بە شایەتی زۆرێك لە هاوڕێیانم لەو دو دەزگایە، زۆر دڵسۆزانە و دور لە بەرژەوەندی تایبەتی كارم كردوە بە شایەتی نزیكترینەكانی هێرۆخان كە هەمیشە دەست خۆشی و ستایشیان كردوم، بێئەوەی تەنها بۆ ساتێكیش ماستاوو مجاملەم تێدا كردبێ و مێژوم شاهیدە.. كاتێكیش ئامادەكاری دەكرا بۆ كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی من یەكێك بوم لەو كۆمەڵە راگەیاندنكارو كادیرە دڵسۆزانەی كە بوێرانەو ئازایانە دەنگمان دەگەیاندە هەمو لایەك بۆ بەئەنجام گەیاندنی كۆنگرەی گۆڕانكاری و ئازاد.
هەرچۆنێ بو كۆنگرە كرا، بەڵام بریا هەر نەكرایە، ئەو ئومێدەی كە هەزاران دەنگدەرو كادیری یەكێتی هەڵیانچنی بو بۆ گۆرانكاری ریشەیی و رزگاركردنی یەكێتی لەدۆخی چەق بەستوو بە داخەوە لەبارچوو . بەچاوی خۆمان بینیمان ئەندامان چۆن هەڵبژێردران و كێ و چۆن بەرپرسیاریەتیان درایە و چ بەرپرسیاریەتێكیش!! ئێستاش لەیەكلاكردنەوەی هەندێ پۆستی ئیداری و حكومی لەسەر پشكی یەكێتی دوبارە یاریەكی ناشرین بەو كەسانە دەكرێ كەشایستەی ئەو پۆستانەن و لەجێیان كەسانی ناشایستە دادەنرێت لەگەڵ رێزم بۆ كەسانێك كە ئیستحقاقی خۆیەتی ..لیستێكی زەبەلاحی(CV) كاندیدەكان ئامادەكراوە كە ئەتوانم بڵێم ٪٧٠ كەس نایناسێ و نازانرێ كێن و ڵە ڕابردودا چ خزمەتێكیان كردوە، كەسیش لە كاندیدی ئەوی تر رازی نیە.
سەرەتای نوسینەكەم بۆ باسی (هێرۆخان)م كرد؟؟
كاتێك لەدەزگای خاك دەستم كرد بەكاری راگەیاندن لەگەڵ ئەو خانمە هەتا نەخۆش كەوتنی و دوركەوتنەوەی لەكاری سیاسی و راگەیاندن ڕۆژێك نەمانبیست و نەمانبینی دەست بخرێتە بریارو كارەكانیەوە چونكە بەرای من حەكیمانە بڕیاری ئەدا بۆ كارو پۆست و بەرپرسیاریەتە گرنگەكان بێگومان هیچ مرۆڤێكیش بەدەر نیە لەهەڵە. بەڵام ئەوەی ئێستا دەیبینین و روون هەستی پێ دەكرێ! ئەو كەس و لایەن و كادیرانەی لە رابردودا لەگەڵ ئەو خانمە كاریان كردووە (سزا) ئەدرێن بە دورخستنەوەو لەسەركارلابردنیان و بگرە زۆر جار سزاكە لەدەرگای تریش ئەدا ..
دەپرسم ؟
ئەم سزایە لەپای چی؟ بۆ ؟ كێ شایستەی سزایە؟
بۆچی تەڕوو ووشك پێكەوە ئەسوتێندرێ؟ ئایا تاوانەكە تەنها لەگەڵ هێرۆخان بونە؟
وەك خۆم شانازی ئەكەم ئەگەر لەو جۆرە سزایە بدرێم دڵنیام هاورێیانیشم هەمان رای منیان هەیە، سزایەكی سەربەرزانەیە، قبوڵمە لەسەر ( گەندەڵی و دزی وخیانەت و سەنگەر گواستنەوە و دوفاقی و پێدانی زانیاری بەنەیاران و كۆمپانیاو بازرگانی ناشەرعی و هتد) سزا بدرێم بەڵام قبوڵم نیە لەسەر رقی شەخسی و لەبەرئەوەی رۆژانێك لەگەڵ ئەو خانمە بەرێزە كارم كردووە و تۆی سزادەر بەدڵت نەبووە! ئێستا بتەوێ تۆڵەم لێبكەیتەوە . چونكە پێم وایە مێژوی ئەو ژنە و خۆشم زۆر لەوە گەورەترە تۆی ڕقاوی بتوانی سزامان بدەی! لەبەرئەوە كاك و دادی سزادەر هەتا ئەتوانی سزا بدە تا ئەوكاتەی رقی تۆڵە سەندنەوەت دائەمركێتەوە..