لە سنووری کۆیە تەقە دەکرێت و گوماندەکرێ داعشبووبن

كاروان كه‌لاری/ باڵكێش

شه‌وی ڕابردوو چوار شه‌ممه، مه‌فره‌زه‌یه‌ك ته‌قه‌یان له‌ هاوڵاتییه‌كی ناحیه‌ی سێگردكانی سه‌ربه‌ قه‌زای كۆیه‌ كردووه‌ و له‌به‌رامبه‌ردا هاوڵاتییه‌كه‌ش‌ ته‌قه‌ی لێكردوون و دواتر مه‌فره‌زه‌كه‌ هه‌ڵاتوون.

له‌وباره‌یه‌وه‌، فاتیح حوسێن، به‌ڕێوبه‌ری ناحیه‌ی سێگردكانی سه‌ربه‌ قه‌زای كۆیه‌ به‌ تۆڕی میدیایی باڵكێشی ڕاگه‌یاند، “كاتژمێر 10ی شه‌وی ڕابردوو، مه‌فره‌زه‌یه‌ك ته‌قه‌یان له‌ هاوڵاتییه‌كی ناوچه‌كه‌‌ كردووه‌ و هاوڵاتییه‌كه‌ش‌ چه‌كی پێ بووه‌ و ته‌قه‌ی لێكردوون و دواتر مه‌فره‌زه‌كه‌ هه‌ڵاتوون و تائێستا چاره‌نووسیان نادیاره‌.”

وتیشی: “تائێستا ناسنامه‌ی چه‌كداره‌كان ئاشكرا نییه‌ و نازانرێت كێن و سه‌ربه‌ كوێن، به‌ڵام له‌ماوه‌ی چه‌ند ڕۆژی ڕابردوودا مه‌فره‌زه‌یه‌كی داعش له‌ دووری 15 كیلۆمه‌تر له‌و جێگایه‌ی كه‌ تیایدا شه‌وی ڕابردوو ته‌قه‌ له‌و هاوڵاتییه‌ كراوه‌، سێ هاوڵاتی سنوره‌كه‌یان كوشت و دواتریش به‌رپسیارێتی خۆیان له‌ ئه‌نجامدانی كرده‌وه‌كه‌‌ ڕاگه‌یاند، بۆیه‌ گومانه‌كان بۆ ئه‌وه‌ ده‌چن، كه‌ ئه‌وانه‌ی شه‌وی ڕابردووش ته‌قه‌یان كردووه‌، هه‌ر داعشبن.”

سه‌باره‌ت به‌و لێدوانه‌ی یوسف حه‌سه‌ن، قایمقامی كۆیه‌، كه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌ كردبوو، “چه‌كداره‌كانیان گه‌مارۆداوه‌”، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی سێگردگان، ڕه‌تیكرده‌وه‌، “هیچ چه‌كدارێك، یان مه‌فره‌زه‌یه‌كی داعش گه‌مارۆدرابێت و باسی له‌وه‌شكرد، كه‌ ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه‌ی‌ داعش‌ له‌و سنوره‌دا چالاكی ئه‌نجامده‌ده‌ن، سه‌ریان لێشێواوه‌، چونكه‌ هێزێكی زۆری ئه‌منی و پێشمه‌رگه‌ بڵاوه‌یان پێكراوه‌ و به‌ چڕی كێوماڵی ناوچه‌كه‌ ده‌كه‌ن.”

ئاشكراشی كرد، “كه‌ هه‌ندێك زانیارییان له‌باره‌ی ئه‌و مه‌فره‌زه‌یه‌وه‌ ده‌ستكه‌وتووه‌، به‌ڵام تا كۆتایی هاتنی كێوماڵه‌كه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان و پێشمه‌رگه، زانیارییه‌كان ئاشكرای ناكه‌ن، بۆ ئه‌وه‌ی كێوماڵه‌ به‌سه‌ركه‌وتوویی كۆتایی بێت.”

ھەواڵی زیاتر