کێشەی کۆرمۆر چارەسەر دەبێت؛ کارەبا دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی

دوای ئەوەی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی و کەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی غاز لە کێڵگەی کۆرمۆر، کاتژمێرەکانی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە چەند ناوچەیەکی هەرێمی کوردستان کەمبووەوە، لە ئێستادا هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی بنەڕەتیی کێشەکە گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی.

هەردوو وەزارەتی کارەبا و وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بە هەماهەنگییەکی چڕ و بەردەوام لەسەر هێڵن بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و گەڕاندنەوەی بڕی پێویستی غاز بۆ وێستگەکانی بەرهەمهێنانی کارەبا.

لایەنە پەیوەندیدارەکان دڵنیایی دەدەن کە لە چەند کاتژمێری داهاتوودا سیستەمی پێدانی کارەبای نیشتمانی لە تەواوی ناوچەکان دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.

سەرچاوەیەک لە وەزارەتی کارەبا ڕایگەیاند، لە ئێستادا ئاستی بەرهەمهێنانی کارەبا سێ هەزار و 700 مێگاواتە، بەڵام چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکە لە ئان و ساتدایە و لە چەند کاتژمێری داهاتوودا بە تەواوەتی کۆتایی پێدێت.

ئەم کەمبوونەوە کاتییەی کارەبا هاوکات بوو لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما لە هەرێمی کوردستان، کە وایکردبوو خواست لەسەر بەکارهێنانی کارەبا بۆ مەبەستی فێنککەرەوەکان بەشێوەیەکی بەرچاو زیاد بکات و کاریگەریی کێشەکە زیاتر لەلایەن هاووڵاتیانەوە هەستی پێبکرێت.

بەڵام بەپێی دڵنیاییەکان، بە گەڕانەوەی هەناردەی غازی کۆرمۆر بۆ ئاستی پێشوو، کێشەی کوژانەوە کاتییەکان و کەمیی کاتژمێرەکانی کارەبا لە ناوچە جیاوازەکان بە تەواوی کۆتایی دێت.

ھەواڵی زیاتر