ئەمڕۆ سێشەممە، 24ـی ئاداری 2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پەیامێکی لە سەر هێرشەکانی سەر بارەگایەکی فیرقەی 7 ی پیادەی دەڤەری 1 و هێزێکی فرقەی 5ـی پیادەی هێزی پێشمەرگە لە سنووری سۆران بڵاوکردەوە.
دەقی پەیامەکەی سەرۆکوەزیران:
هێرشی دوژمنکارانەی غەدر و خیانەتی شەوی رابردوو بۆ سەر بارەگاکانی پێشمەرگە شەرمەزار و سەرکۆنە دەکەین، کە لە ئەنجامدا 6 پێشمەرگەی قارەمان شەهید و 30 پێشمەرگەش بریندار بوون. سەرەخۆشی لە کەسوکاری سەربەرزی شەهیدان دەکەم و داوای چاکبوونەوەش بۆ برینداران لە خودای گەورە دەکەم. هەموو رێکارێک بۆ رووبەڕووبوونەوەی ئەم دوژمنکارییەی دەکرێتە سەر هەرێمی کوردستان دەگرینە بەر و داوا لە حکوومەتی فیدراڵی و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین سنوورێک بۆ ئەم هێرشە دوژمنکارانەی سەر هەرێمی کوردستان دابنێن.