مەسرور بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، پەیامێکی لە ساڵیادی پهنجا ساڵی هەڵگیرسانی شۆڕشی 26ـی گوڵاندا بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە: شۆرشەکە سەلماندی کە خواست و ئیرادەی گەلی کوردستان لە هەموو پیلانێک بەهێزترە.
لە ساڵیادی پهنجا ساڵی هەڵگیرسانی شۆڕشی 26ی گوڵاندا، بە شکۆ و شانازییەکی زۆرەوە، یادی هەموو شەهیدە سەربەرزەکان و پێشمەرگە قارەمانەکان و تێکۆشەر و خەباتکارانی ئەم شۆڕشە دەکەینەوە کە سەرەڕای دۆخی سەختی ئەو کاتەدا ، بە ورەیەکی بەرزەوە، دەستیان بە خەبات و تێکۆشان و بەرگری لە مافە ڕەواکانی گەلی کوردستان کردەوە.
شۆڕشی گوڵان، نەک تەنیا پیلانی دوژمنان و ناحەزانی کوردستانی تێکشکاند، بەڵکوو ئاسۆیەکی نوێی لە بەردەم بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی خەڵکی کوردستاندا کردەوە و سەلماندی کە خواست و ئیرادەی گەلی کوردستان، لە هەموو پیلانێک بەهێزترە و سەرەنجام بە هۆی خۆڕاگری و یەکڕیزی و هاوهەڵوێستی گەلەکەماندا، ڕاپەرین و ئازادی وڵات و چەندین دەستکەوتی دیکەی نیشتمانییمان بەدەستهێنا.
لە یادی پەنجا ساڵ و یۆبیلی زێڕینی شۆڕشی گوڵاندا، سڵاو لە گیانی پاکی بارزانیی نەمر و کاک ئیدریسی هەمیشە لەیاد و گشت شەهیدانی شۆڕشی گوڵان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان.