گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، ئاماری هاتنی گەشتیارانی بۆ سنووری پارێزگای هەولێر ئاشکرا کرد باسی ڕۆژانی جەژن و پێشوازیکردنی لە گەشتیاران کردووە.
نەریمان فازڵ، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی گەشتوگوزاری هەولێر، دەڵێت: “بەگوێرەی ئەو ئامارانەی لەبەردەستماندایە، تاوەکو کۆتایی مانگی چواری ئەمساڵ، 861 هەزار و 501 گەشتیار سەردانی سنووری پارێزگای هەولێریان کردووە.”
نەریمان فازڵ لەبارەی جەژنیش ئاماژەی بەوە کرد، ئامادەکارییەکی چڕ کراوە بۆ ئەوەی باشترین خزمەتگوزاری پێشکەش بە گەشتیاران بکرێت. گوتیشی: “تیمەکانمان لە دەروازەکانی هاتنی گەشتیاران و لە بازگەکان جێگیر کراون بۆ پێشوازیکردن لە گەشتیاران. هاوکات لە ناو شاری هەولێریش، لیژنەکانمان بەردەوام چاودێری ئەو شوێنانە دەکەن کە گەشتیاران روویان تێدەکەن، وەک چێشتخانە، هۆتێل و یانە گەشتیارییەکان، تاوەکو لە ئەگەری دروستبوونی هەر گیروگرفتێکدا بە زووترین کات چارەسەری بکەن.”
نەریمان فازڵ دەشڵێت ” پێشبینییەکی وردمان نییە بۆ دیاریکردنی ژمارەیەکی دیاریکراوی گەشتیاران بۆ رۆژانی جەژن، بەڵام ئێمە هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ئەوەی بتوانین پێشوازی لە ژمارەیەکی زۆری گەشتیاران بکەین کە روو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.”