ئەمڕۆ شەممە 23-05-2026، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای حکومەت، بەرەو بەغدا بەڕێکەوت.
حکومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردەوە، مەسرور بارزانی لە بەغدا، لەگەڵ سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەران و سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، ژمارەیەک لە بەرپرسانی باڵای لایەنە سیاسییەکانی عێراق کۆدەبێتەوە.
لە کۆبوونەوەکاندا، وێڕای گفتوگرکردن لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی گشتیی عێراق و ناوچەکە، چارەسەرکردنی کێشە هەڵپەسێردراوەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ لەسەر بنەمای دەستوور، تاوتوێ دەکرێت.
ڕۆژی پێنجشەممە 21-05-2026، مەسرور بارزانی، پێشوازیی لە بەکر ئەلسامەڕائی، ڕاوێژکاری تایبەتیی عەلی فالح ئەلزەیدی سەرۆک وەزیرانی فیدراڵ کرد. لە کۆبوونەکەوە جەخت لە گرنگیی پەرەپێدانیی هاوئاهەنگیی لە نێوان هەردوو حکومەتی هەرێمی کوردستان و فیدراڵ کرا بۆ چارسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەردوولا لە سەر بنەمای دەستوور .
هەر لە کۆبوونەوەکەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئامادەکارییەکانی سەردانی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان بۆ بەغدا کرابوو.