هۆشداریی توندی ئەمریکا بۆ تاران؛ ئامادەی بەکارهێنانی هێزی کوشندەین

بەرپرسانی باڵای سەربازیی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا هۆشدارییەکی توند ئاراستەی کۆماری ئیسلامی ئێران دەکەن و ڕایدەگەیێنن، هەرچەندە واشنتن خوازیاری هەڵگیرسانی جەنگ نییە، بەڵام بۆ پاراستنی ئاسایشی گەرووی هورمز و دڵنیابوونەوە لە گواستنەوەی وزە، لەوپەڕی ئامادەباشیدان.

لە ئێستادا گرژییەکانی نێوان واشنتن و تاران لە ئاوە نێودەوڵەتییەکاندا گەیشتووەتە لوتکە. سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا ئاشکرای کرد کە لە دوای ڕاگەیاندنی ئاگربەستەوە، ئێران هێرشی کردووەتە سەر 9 کەشتیی بازرگانی، ئەمەش بووەتە هۆی دروستکردنی مەترسی بۆ سەر هاوسەنگیی ئابووریی جیهان.

سەرۆکی ئەرکانی سوپای ئەمریکا لە لێدوانێکی فەرمیدا جەختی لەوە کردەوە: ئێمە بەدوای ڕووبەڕووبوونەوەی سەربازیدا ناگەڕێین، بەڵام پاراستنی کەشتیوانی لە گەرووی هورمز ئەرکی ئێمەیە. تاوەکو ئێستا هێرشەکانی ئێران لە خوار ئەو ئاستە بوون کە بەرەو جەنگێکی گشتگیرمان ببات، بەڵام ئەگەر پێویست بکات، ئامادەی دەستپێکردنەوەی شەڕین.

هەروەها ئاماژەی بەوەش کرد، لە کاتی هەر دەستپێکردنەوەیەکی شەڕدا، کەشتییە بازرگانییەکان لە زەوی و ئاسمانەوە هەست بە “هێزی کوشندەی ئەمریکا” دەکەن بۆ پاراستنیان

لەلایەکی دیکەوە، وەزیری جەنگی ئەمریکا ڕایگەیاند، ئەو بەلەمە بچووکانەی ئێران لە ناوچەکەدا جێگیرکراون، ناتوانن هیچ هەڕەشەیەکی ڕاستەقینە لەسەر هێزەکانی ئەمریکا دروست بکەن.

ھەواڵی زیاتر