ڤیدیۆ.. ئەمریکا و بەریتانیا هێرشیان کردە سەر حووسییەکانی یەمەن

دوای چەندین هۆشداری و بۆ یەکەمجار لەدوای هەشت ساڵ، ئەمریکا راستەوخۆ هێرشی کردە سەر حووسییەکانی یەمەن، هێرشەکە لەکاتێکدایە ناوچەکە بە دۆخێکی سەخت و ئاڵۆزدا تێپەڕدەبێت بەهۆی شەڕی ئیسرائیل و حەماس، کە لە 100  رۆژ نزیک دەبێتەوە.

سوپای ئەمریکا و بەریتانیا بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (هەینی، 12-1-2024 بەکاتی هەولێر) بە هاوئاهەنگیی چەند وڵاتێکی هاوپەیمان هێرشی  ئاسمانییان کردە سەر حووسییەکانی یەمەن. ئەم  هێرشە دوای ئەوە دێت، ئەو گرووپە لەدوای شەڕی غەززەوە بەردەوام هێرشی کردووەتە سەر کەشتییە بارهەڵگرە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور.

جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا لەمبارەیەوە رایگەیاند، ئەو فەرمانی هێرشکردنەکەی دەرکردووە “بۆ وەڵامدانەوەی هێرشە بێ پێشنیەکانی حووسییەکان بۆ سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان لە دەریای سوور.”

بایدن لە راگەیێندراوەکەیدا کە کۆشکی سپی بڵاویکردووەتەوە، دەڵێ “ئەمڕۆ و بە رێنموونیی من، هێزەکانی ئەمریکا بە هاوبەشی لەگەڵ بەریتانیا و هاوکاریی ئوسترالیا، بەحرەین، کەنەدا و هۆڵەندا بە سەرکەوتوویی هێرشی ئاسمانییان کردە سەر چەند ئامانجێک لە یەمەن، کە لەلایەن حووسییەکانەوە بەکاردەهاتن بۆ ئەوەی ئازادیی رێڕەوی کەشتیوانی بخەنە مەترسییەوە.”

سەرۆکی ئەمریکا جەختیش دەکاتەوە لەوەی دوودڵ نابێت لە گرتنەبەری رێوشوێنی دیکە “بۆ پاراستنی خەڵکەکەمان، هەروەها تێپەڕبوونی ئازادانەی کەشتییە بازرگانییەکان.”

هێرشە ئاسمانییەکە بۆ سەر چەند پێگەیەکی حووسییەکان بووە لە ناوچەکانی بەندەری حودەیدە و دەوروبەری لە یەمەن.

بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی بەرگریی ئەمریکا، هێرشەکانیان درۆن، کەشتی، پێگەی هەڵدانی مووشەک، راداری کەناراوییەکان و سیستمی چاودێریی ئاسمانیی حووسییەکانیان کردووەتە ئامانج. 

سەرەڕای هۆشدارییە بەردەوامەکانی بەرپرسانی واشنتن و لەندەن، لە سەرەتای ئەم هەفتەیەوە، حووسییەکان بەردەوام بوون لە هێرشکردنە سەر کەشتییە نێودەوڵەتییەکان، ریشی سووناک، سەرۆکوەزیرانی بەریتانیا کەمێک لەمەوبەر کۆبوونەوەیەکی بەپەلەی لەگەڵ کابینەکەی کرد بۆ ئەوەی گفتوگۆ لەبارەی وەڵامدانەوەی پەلامارەکانی گرووپە چەکدارەکەی لایەنگری ئێران بکەن.

فەرماندەیی ناوەندی ئەمریکا (سێنتکۆم)ـیش رایگەیاندبوو، گرووپی حووسییەکان کە لەلایەن ئێرانەوە پاڵپشتی دەکرێت، مووشەکێکی دژەکەشتییان ئاراستەی کەنداوی عەدەن کردووە. ئەم هێرشەش 27ـەمین بوو لەوەتەی 19 نۆڤەمبەری 2023ـوە کە ئەنجامی بدەن؛ سەرەڕای ئاگادارکردنەوە هۆشداریپێدانی بەردەوامیان لەلایەن بەرپرسانی کۆشکی سپی و بەریتانیا.

ئەبو مالیک ئەلحووسی، بەرپرسی یەکەمی حووسییەکان رۆژی پێنجشەممە هەڕەشەی ئەوەی کردبوو؛ ئەگەر هێرشیان بکرێتە سەر، تۆڵە دەکەنەوە. لەوبارەیەوە رایگەیاندبوو “هیچ دەستدرێژییەکی ئەمریکی بەبێ وەڵام نابێت” و وەڵامەکەش لە ئاستی ئەو ئۆپەراسیۆنەدا نابێت، کە بەمدواییە کرایە سەر ئەمریکییەکان بە 24 فڕۆکەی بێفڕۆکەوان و ژمارەیەک مووشەک لە دەریادا، ”وەڵامەکە لەوە گەورەتر دەبێت.” دوای هێرشەکان، حوسێن عیزی، جێگری وەزیری دەرەوەی حووسییەکان رایگەیاند، ئەمریکا و بەریتانیا “باجێکی قورس” لە بەرامبەر ئەو هێرشانەیاندا دەدەن. 

ژێدەر-رووداو

ھەواڵی زیاتر