وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان لە قۆناغی کۆتاییی ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی 11دایە و بڕیارە سەرەتای هەفتەی داهاتوو ڕەوانەی بەغدا بکرێت.
وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان بەچڕی کار لەسەر ئامادەکردنی لیستی مووچەی مانگی 11ی مووچەخۆرانی هەرێم دەکات؛ ئێستا ڕێکارەکان گەیشتوونەتە قۆناغی کۆتایی و بڕیارە لەم هەفتەیەدا تەواو بکرێن بۆ ئەوەی ئاراستەی حکومەتی فیدراڵی بکرێن.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕایگەیاند: کارکردن لە لیستی مووچەی مانگی 11 و تەرازووی پێداچوونەوەی مانگی 10 بەردەوامە، هەردووکیان لە سێ ڕۆژی داهاتوودا تەواو دەبن؛ بە ئەگەری زۆرەوە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، لیستی مووچە و تەرازووی پێداچوونەوە لە ڕێگەی تیمێکەوە ڕەوانەی بەغدا دەکرێت.
ماوەی نزیکەی دوو هەفتەیە دروستکردنی لیستی مووچە لەنێو سیستەمی پەیڕۆڵ کارا کراوە و یەکە ژمێریارییەکان لیستی مووچەیان دروست کردووە؛ لە ئێستاشدا لیستی مووچە و ڕاپۆرتی تەرازووی پێداچوونەوە تەنیا قۆناغی وردبینییان ماوە.