ئابووری

زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار لە پارەی گەندەڵی گەڕێندراوەتەوە

23-11-2026
زیاتر لە دوو تریلیۆن دینار لە پارەی گەندەڵی گەڕێندراوەتەوە
قەبارەی نووسین:
A A 21px

گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێ، لە چوارچێوەی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵیدا زیاتر لە دوو تریلیۆن و 680 ملیار دینار و زیاتر لە 780 ملیۆن دۆلار گەڕێندراوەتەوە.

 

 

 

رۆژی یەکشەممە، 22ـی تشرینی دووەمی 2026، حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق بە میدیای فەرمی عێراقی راگەیاند، هەڵمەتی حکومەت ناسراو بە ئۆپەراسیۆنی بەرەبەیان نەوەستاوە، ئەنجامەکانیشی بە روونی لە رێگەی ئەو بڕیارە دادوەرییانەوە دەرکەوتوون کە دژی تاوانباران دەرچوون، لەنێویاندا کەسانی سیاسی، پەرلەمانتار و کەسایەتییە ناسراوەکان

حەیدەر عەبوودی گوتی: "ئەنجام و ئاماژەکانی ئەم هەڵمەتە لە 23 ساڵی رابردوودا و لە ساڵی 2003ـەوە وێنەی نەبووە؛" ئاماژەی بەوەش کرد کە عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق، لەم ئەرکەدا بە تەواوکاری لەگەڵ هەردوو دەسەڵاتی دادوەری و یاسادانان کار دەکات، چونکە حکومەت بە تەنیا و بەبێ ئەو هاوئاهەنگییە ناتوانێت ئەم دۆسیەیە بە ئەنجام بگەیێنێت.

سەبارەت بە بڕی ئەو پارەیەی دەستی بەسەردا گیراوە و گەڕێندراوەتەوە، گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی: "ئەو پارەیەی لە تۆمەتبارانی گەندەڵی وەرگیراوەتەوە، گەیشتووەتە زیاتر لە دوو تریلیۆن و 680 ملیار دینار، سەرەڕای زیاتر لە 780 ملیۆن دۆلار."

بەگوتەی حەیدەر عەبوودی، سەرجەم ئەو پارەیە دەخرێنە نێو (هەژماری نەوەکان) کە لە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027ـدا جێگیر کراوە و گوتیشی: "هەژمارەکە دەبێتە ئاراستەیەک بۆ دەستەبەرکردنی داهاتووی نەوەکان و پاڵپشتییەکی دارایی دەبێت بۆ داهاتە نەوتییەکان و گەنجینەی دەوڵەت."