سەرچاوە باڵاکانی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی وردەکاریی نوێ لەبارەی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکەی دژی کەتائیبی حیزبوڵڵا لە ناحیەی جورف سەخر ئاشکرا دەکەن و ڕایدەگەیەنن، بەر لە ڕۆژی هەینی هێرشەکە دەست پێ دەکات و بە نهێنیش پێشنیازی دەرچوونی سەلامەت خراوەتە بەردەم فەرماندە مەیدانییەکانی ئەو گرووپە لە بەرامبەر جیابوونەوەیان.
بەپێی زانیارییەکانی ماڵپەڕی "ئەلترا عێراق" کە لە زاری سەرچاوەیەکی سەرکردایەتیی ناو چوارچێوەی هەماهەنگییەوە بڵاویکردووەتەوە، ئەو هێزە سەربازییانەی حکومەت کە لە چەند قۆڵێکەوە گەمارۆی ناحیەی جورف سەخر (جورف نەسر)ـیان لە باکووری پارێزگای بابل داوە، چاوەڕێی "کاتژمێری سفر" و فەرمانی کۆتاییی عەلی زەیدی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان دەکەن بۆ دەستپێکردنی هێرشەکە و سەپاندنی دەسەڵاتی دەوڵەت.
سەرچاوەکە پێشبینیی کردووە ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکە بەر لە ڕۆژی هەینیی داهاتوو دەست پێ بکات و ئاماژەی بەوەش کردووە کە تۆپخانەکان و هێزی ئاسمانی بە شێوەیەکی کارا بەشداریی تێدا دەکەن بۆ دابینکردنی پاڵپشتیی ئاسمانی بۆ یەکە زەمینییەکان لە کاتی پێشڕەویکردنیان بەرەو قووڵاییی ناحیەکە.
هەمان سەرچاوە ئاشکرای کردووە کە کەناڵی پەیوەندیی سەربازی و سیاسی لەلایەن حکومەتەوە لەگەڵ ژمارەیەک لە فەرماندە مەیدانییەکانی ناو "کەتائیبی حیزبوڵڵا" کراوەتەوە و پێشنیازێکیان خراوەتە بەردەم کە دەرچوونی سەلامەتیان لە جورف سەخر بۆ مسۆگەر بکرێت، بە مەرجێک بەفەرمی جیابوونەوەی خۆیان لەو گرووپە ڕابگەیەنن و بچنە پاڵ هەوڵەکانی دەوڵەت بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکە.