بۆ یەکەمجار لە هەرێمی کوردستاندا، وەزارەتی تەندروستی لقێکی فەرمیی پێشکەوتووترین کۆلێژی پزیشکانی نەشتەرگەریی ئەمریکا بۆ بڕوانامەی جیهانیی (ATLS) کە تایبەتە بە چارەسەرکردنی خێرای بریندارییە ئاڵۆزەکان کردەوە.
ئەم دەستکەوتە دوای هەوڵی چەندین ساڵەی چەند پزیشکێکی پسپۆڕ و بە پشتگیریی وەزارەتی تەندروستی و کۆمەڵەی پزیشکانی فریاکەوتن بەدیهاتووە و لەمەودوا توانای پزیشکی بواری فریاگوزاری زۆر بەرزتر دەکرێتەوە.
د.سادق عەزیز پسپۆڕی نەشتەرگەری گشتی و سەرۆکی ئەم لقەی لە کوردستان وەرگرتووە ڕایگەیاند؛ ئەم کۆلێژەی ئەمریکا وەکو دەوڵەتێک ئەم لقەی بە کوردستان داوە، لەم کۆلێژەدا پزیشکانی کوردستان بە شێوازێکی پڕۆفیشناڵ و پڕۆتۆکۆڵی جیهانیی ڕادەهێنرێن بۆ نەشتەرگەریی و چارەسەرکردنی برینە ئاڵۆزەکانی سووتان و شکان و هەموو فریاگوزارییە خێراکان چارەسەر بکەن. لە کۆتاییشدا پزیشکەکان بڕوانامەی باوەڕپێکراوی جیهانیی وەردەگرن و چیتر پێویست ناکات سەردانی دەرەوەی کوردستان و ئەمریکا بکەن.
ئەم سەنتەرە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان هەیە و لە عێراقیش هەیە، بەڵام تاوەکو ئێستا لە هەرێمی کوردستان نەکراوەتەوە، بەڵام مامەڵەیەکی تایبەت لەگەڵ هەرێمی کوردستان کراوە بۆئەوەی لقی کۆمەڵەی پزیشکانی فریاکەوتنی تێدا بکرێتەوە.
ئەم کۆلێژە 93 هەزار ئەندامی لە سەرتاسەری جیهاندا هەیە و تا ئێستا 100 پزیشکی کورد ڕاهێنانیان تێدا کردووە، بەم هەنگاوە خزمەتگوزارییەکانی فریاکەوتن و ڕزگارکردنی ژیانی مرۆڤەکان خێراتر دەبن و پزیشکانی خاوەنی ئەم بڕوانامەیە لە نەخۆشخانەکانی فریاکەوتنی هەرێمی کوردستان خزمەت بە هاووڵاتییان دەکەن.