کوردستان

تەندروستی هەولێر: ساڵانە چەند کەسێک بە دەرزی تێکەڵە گیان لەدەست دەدەن

17-11-2026
تەندروستی هەولێر: ساڵانە چەند کەسێک بە دەرزی تێکەڵە گیان لەدەست دەدەن
قەبارەی نووسین:
A A 21px

وەزارەتی تەندروستی هۆشدارییەکی توند ئاڕاستەی هەموو خەڵکی کوردستان دەکات لەبارەی دەرزی تێکەڵە کە لە زۆرێک لە عیادەکانی لاکۆڵان و هەندێک نۆڕینگە لە خەڵک دەدرێت بۆ چارەسەری ئەنفلۆنزا و پەتا وەرزییەکان.

دەرزی تێکەڵە، ئەو دەرزیەیە کاتێک خەڵک لە کاتی تووشبوون بە پەتا و ڤایرۆس لە وەرزی زستان و سەرمادا لە خۆیانی دەدەن، ئەم دیاردەیە زیاتر لە 30 ساڵە لە هەرێمی کوردستان سەریهەڵداوە و وەزارەتی تەندروستی هۆشداریی دەداتە خەڵک بۆئەوەی لێی دوور بکەونەوە. 

دکتۆرە سۆما عەبدولمەجید، کە پسپۆڕی دەرمانە ئەم بەدواداچوونەی کردووە، دەڵێت "ئاگادار بن ژەهرە ژەهر"، ئەم دەرزییە لە هیچ سیستەمێکی تەندورستی جیهانیدا نییە.

دکتۆرە سۆما دەڵێت: هەر دەرمانێک پێشوەخت چەندین ساڵ تاقیکردنەوەی زانستی لەسەر دەکرێت، ئینجا لەسەر ئاژەڵ تاقی دەکرێتەوە، دواتر پاش ئەوەی پەسەند کرا، لە کۆتا قۆناغدا لەسەر مرۆڤێک یان چەند مرۆڤێکیش تاقی دەکرێتەوە، ئینجا بەردەست دەخرێت بۆ خەڵک، بەڵام ئەم دەرزییە هیچ تاقیکردنەوەیەکی لەسەر نەکراوە، بە هەڕەمەکی و بەبێ فلتەری تەندروستی بووە بە باو لەناو خەڵک.

ئەم دەرزییە چەند زیانێکی هەیە، لەوانە: برینداربوونی گەدە، بەرزبوونەوەی لەناکاوی پەستانی خوێن و شەکرە، سستبوونی گورچیلە و زیان گەیاندن بە جگەر، دروستبوونی ئاوی سپی چاو، مەترسیی جەڵتەی دڵ و مێشک، دابەزاندنی بەرگری لەشە. 

د. دلۆڤان محەممەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێ: دەرزییەکە هێندە مەترسیدارە، ساڵانە چەندەها حاڵەتی مردن و تێکچوونی باری تەندروستی هاووڵاتیانی لێکەوتۆتەوە.

دەشڵێت: لە وەزارەتی تەندورستی لیژنەیەکی تایبەتمان بۆ عیادە لاکۆڵانەکان پێکهێناوە، سەردانی هەموویان دەکەن، چەندین جاریش ڕێنماییمان بە دکتۆرە بەڕێزەکان و خاوەن عیادەکان داوە بە هیچ شێوەیەک ئەم دەرزییە لە خەڵک نەدەن، بەڵام بە قسەمان ناکەن، هەندێک خەڵکیش خۆیان دەچنە لایان و داوای دەکەن، بۆیە پێمان کۆنترۆڵ ناکرێت بە یەکجاری قەدەغەی بکەین.

ئەم دکتۆرە هۆشداریش دەدات، تکایە ئەم دەرزییە لە خۆتان مەدەن، کاتێک تووشی پەتای وەرزی دەبن بڕۆن بۆ لای دکتۆری پسپۆڕ و چارەسەری گونجاو بەپێی تایبەتمەندی خۆت و نەخۆشییەکەت وەربگرە.