بەفەرمانى عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق گرێبەستی 69 راوێژکار هەڵوەشێندرایەوە، کە لە نووسینگەیدا کاریان دەکرد.
بڕیاری هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی ئەو راوێژکارانە لە 22ی تشرینی یەکەم لەلایەن عەلی لامی، جێگری بەڕێوەبەری نووسینگەی سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە دەرچووە.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەوەی پەیوەندیدارە بە نووسینگەی سەرۆکوەزیرانەوە ئەستۆپاکیان بۆ نەکراوە لەبارەى پارەى دەوڵەت و هەڵوەشانەوەى گرێبەستەکانیان لە رۆژی دەرچوونی بڕیارەکەوە کاری پێکرێت.
پێشتر لە 16ی تشرینی یەکەم، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکی میدیایی فەرمی رایگەیاند کە چوار جێگر بۆ سەرۆکوەزیران دیاریکراوە و 72 راوێژکار دووردەخاتەوە کە بەگوتەی ئەو چیدی پێویستی پێیان نییە.
بەگوێرەی یاسای مووچە و دەرماڵەی ئەنجوومەنی وەزیرانى عێراق، مووچەی بنەڕەتی راوێژکارێک سێ ملیۆن و 50 هەزار دینارە و بڕی دوو ملیۆن و 500 هەزاریش وەک دەرماڵە وەردەگرێت.