کوردستان

بەئامادەبوونی مەسرور بارزانی قۆناخی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستپێدەکات

15-11-2026
بەئامادەبوونی مەسرور بارزانی قۆناخی دووەمی پشتێنەی سەوزایی هەولێر دەستپێدەکات
قەبارەی نووسین:
A A 21px

بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، قۆناخی دووەمی پشتێنەیی سەوزایی هەولێر دەستپێدەکات.

ئەمڕۆ یەکشەممە 15ـی تشرینی دووەم, لەلایەن مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و بە ئامادەبوونی کونسوڵی یونان قۆناخی دووەمی پڕۆژەی پشتێنەی سەوزایی هەولێر لە گوندی گەزەنە (رێگەی سەرەکی هەولێر - دهۆک) و لە سێبیران لەسەر رێگەی (هەولێر - خەبات) دەستپێدەکات.

لەم قۆناخەدا، رووبەری 11 هەزار دۆنم سەوز دەکرێت و سێ پوند بۆ ئاودێری لەخۆ دەگرێت و دار زەیتوون دەچێنرێت و کار بۆ دروستکردنی کارگەیەکی زەیتی زەیتوون دەکرێت.

بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی کشتوکاڵی هەولێر دڵنیایی داوە کە لەم قۆناخەشدا وەک قۆناخی پێشوو، مافی جووتیاران و خاوەن زەوییەکان دەپارێزرێت و قەرەبوو دەکرێنەوە. ئەم پڕۆژەیە لەلایەن کۆمپانیای خۆماڵی (دۆسکی هۆڵدینگ)ـەوە جێبەجێ دەکرێت. 

قۆناخی یەکەمی پڕۆژەکە لە 30ی تشرینی یەکەمی 2025، جێبەجێ کرابوو و نزیکەی 700 هەزار دار چێندران و قۆناخەکەی بە سەرکەوتوویی تەواوبوو، بڕیارە لە قۆناخی دووەمدا نزیکەی یەک ملیۆن و 800 هەزار دار کە تەواوی نەمامەکانیان لە یونانەوە دەکرێن، بچێنرێن. 

پشتێنەی سەوزی هەولێر بە شێوەیەکی بازنەیی بە چواردەوری شاری هەولێردا و لە دوای شەقامی خێرای 150 مەترییەوە جێبەجێ دەکرێت، پانییەکەشی دوو کیلۆمەترە و بە گشتی نزیکەی حەوت ملیۆن داری تێیدا دەچێنرێت. ئامانجی سەرەکیی ئەم پڕۆژەیە وەک قەڵغانێکی سروشتی و سی بۆ شاری هەولێر، پاراستنی ژینگە، زیادکردنی رووبەری سەوزایی دەبێت، ئەمەش هەنگاوێکە بۆ رووبەڕووبوونەوەی گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا.