بڕیارە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بە مەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر پرۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2027 کۆببێتەوە و دواتر پرۆژەکە بۆ پەسەندکردن رەوانەی پەرلەمانی عێراق بکات.
بڕیارە ئەمڕۆ شەممە، 07ـی تشرینی دووەمی 2026، ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی ئاسایی خۆیدا و بە سەرپەرشتیی سەرۆکوەزیران عەلی زەیدی، دەست بە گفتوگۆ و تاوتوێکردنی پرۆژەیاسای بودجەی گشتیی ساڵی 2027 بکات.
بەگوێرەی زانیارییەکان، تەوەری سەرەکیی کۆبوونەوەکە تایبەت دەبێت بە دیاریکردنی خەرجی و داهاتەکانی دەوڵەت بۆ ساڵی داهاتوو.
سەرچاوەیەکی ئاگادار لە حکوومەت بە کوردستان24ـی راگەیاند، پشکی وەزارەت و کەرتە جیاوازەکان بە وردی دیاری دەکرێت. هەروەها ئاماژەی بەوە دا، ئامانج لەم هەنگاوە ئامادەکردنی پرۆژەکەیە بە شێوەیەکی کۆتایی بۆ ئەوەی بینێرنە پەرلەمانی عێراق تاوەکو لە ماوەی یەک مانگدا دەنگی لەسەر بدرێت و پەسەند بکرێت.
سیپان شێروانی، ئەندامیفراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، بە کوردستان24ـی راگەیاندووە، رۆژی پێنجشەممە، 05ـی تشرینی دووەمی 2026، لیژنەیەکی فراکسیۆنەکەیان لەگەڵ لیژنەیەکی باڵای حکوومەتی فیدراڵ کۆبووەتەوە، کە پێکهاتبوو لە جێگری سەرۆکوەزیران، وەزیرانی نەوت، دارایی، شارەوانی و سەرۆکی دیوانی چاودێریی دارایی فیدراڵ.
شێروانی ئاماژەی بەوە کرد، ئامانجی سەرەکیی کۆبوونەوەکە، چارەکردنی یەکجارەکیی کێشەی مووچە و زامنکردنی پشکی هەرێمی کوردستان بووە لە بودجەی ساڵی 2027ـدا. لەو چوارچێوەیەشدا، بە درێژی گفتوگۆ لەسەر ئەو ماددە و بڕگانە کراوە کە پەیوەستن بە هەرێمی کوردستانەوە، هاوکات سەرجەم تێبینی و بۆچوونەکانی خۆیان خستووەتەڕوو بە مەبەستی زامنکردنی تەواوی ماف و شایستە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، لە رەشنووسی بودجەدا.
رۆژی 6ـی تشرینی یەکەمی 2026، کوردستان24 وەک یەکەم میدیا رەشنووسی بودجەی 2027ـی عێراقی بڵاوکردەوە، کە بەپێی رەشنووسی بودجە حکوومەتی عێراق خەرجییە گشتییەکانی بە 217 ترلیۆن دینار و داهاتەکانی بە 174 ترلیۆن دینار خەمڵاندووە و پشکی هەرێمی کوردستانیش کەمکراوەتەوە.
پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجەی گشتیدا 13.308 ترلیۆن دینارە. ئەمەش لە کاتێکدایە ئەو بڕە لە ساڵی 2023ـدا 16.498 ترلیۆن دینار بووە، واتە بە رێژەی 19.3% کەمی کردووە. هەروەها لە ساڵی 2021ـدا 11.482 ترلیۆن دینار بووە.