بڕیارە لەم هەفتەیەدا پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ـی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست، لەگەڵ خانەنشینانی دەڤەری دووی پێشمەرگە لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دەست پێ بکات.
ئەم هەفتەیە بۆ پرسی دابەشکردنی مووچە لە هەرێمی کوردستان و عێراقدا هەفتەیەکی گەرموگوڕ دەبێت؛ بڕیارە سبەی یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 10ـی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست بکرێت، هەروەها ئەو فەرمانبەرە گرێبەست و هەمیشەیییانەش دەگرێتەوە کە لە دوای 1-7-2024ـەوە دامەزراون و مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستانە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند: سبەی یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مامۆستایانی گرێبەستی سەر بە هەردوو وەزارەتی پەروەردە و خوێندنی باڵا دەکرێت؛ پرۆسەکە چوار ڕۆژ دەخایەنێت و ڕۆژی چوارشەممە بەتەواوی کۆتایی دێت.
ز سەرچاوەیەک لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی خانەنشینی ڕایگەیاند کە پارەی پێویست بۆ مووچەی خانەنشینانی دەڤەری دووی پێشمەرگەش بەتەواوی کۆ کراوەتەوە و دەست بە ڕێکارەکان کراوە، بەڵام تاوەکوو ئێستا بەوردی ڕوون نییە کە ئایا سبەی یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەکانیان دەکرێت یان دەکەوێتە دووسبەی.
لە پرۆسەی دابەشکردنی مووچەی ئەم هەفتەیەدا، مووچەی نزیکەی نۆ هەزار خانەنشینی پێشمەرگە لە دەڤەری دوو دابەش دەکرێت، کە هاوشێوەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی گرێبەست، مووچەکانیان لەسەر داهاتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان دابین کراوە.