لە چوار ڕۆژدا هەزار و 379 ئاژەڵ کراونەتە قوربانی. هاوکات لەپێناو پاراستنی تەندروستیی هاووڵاتیان، زیاتر لە دوو تۆن گۆشتیش رەتکراوەتەوە و لەناوبراوە.
دکتۆر ئەرسەلان جەلال، بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەی هەولێر، دەڵێت: “پرۆسەی سەربڕینی ئاژەڵ بۆ ئەم جەژنە زۆر بە رێکوپێکی و بەپێی پلانێکی تۆکمە بەڕێوەچووە و، گەر بەراوردی بکەین رێژەی قوربانیکردنی ئەمساڵ لە ئامارەکانی ساڵی رابردووەوە زۆر نزیکە.”
ئەرسەلان جەلال لەبارەی قوربانیکردنەکانیش دەڵێت “لە ماوەی چوار رۆژی جەژنی قورباندا، کۆی گشتی هەزار و 379 ئاژەڵی بچووک و گەورە لە کوشتارگەکەمان سەربڕدران، سەرجەم ئەو ئاژەڵانەی هێنرابوونە کوشتارگە، سەرەتا بەوردی پشکنینی پێشوەختەیان بۆ کرا و نزیکەی دوو تۆن و 16 کیلۆگرام گۆشتی ئاژەڵ بەهۆی چەند هۆکارێکی تەندروستی و نەشیاوییەوە رەتکراوەتەوە و رێگە نەدراوە بگاتە دەستی هاووڵاتییان”
بەرپرسی هۆبەی کوشتارگەی هەولێر ستایشی رۆڵی خەڵکی کرد لە سەرخستنی پرۆسەکەدا و رایگەیاند: “هاووڵاتیان تا رادەیەکی زۆر باش هاوکار و هەماهەنگمان بوون بۆ ئەوەی بتوانین پرۆسەکە بە شێوەیەکی زانستی، تەندروست و بە رێکوپێکی بەڕێوەببەین.”
قوربانیکردن، سەرەڕای ئەوەی نەریتێکی هەزاران ساڵەیە، بەڵام هێشتا زیندووە و ساڵ لە دوای ساڵ بە شێوازێکی مۆدێرنتر و رێکخراوتر لەناو کۆمەڵگەدا جێبەجێ دەکرێت. ئەم پرۆسەیە تابلۆیەکە کە ئیماندارێتی، سۆزی مرۆڤایەتی، تێیدا یەکدەگرن و پەیامێکی روونە کە جەژنەکان کاتی دابەشکردنی خۆشییەکانن لەگەڵ ئەوانی دیکەدا.