وەزیری پێشمەرگە واژۆی لەسەر پلە بەرزکردنەوەکەی دوو هەزار و 364 ئەفسەری وەزارەتەکە کردووە، ئەمە دوای ئەوە دێت کە رێکارەکانی پلە بەرزکردنەوەی ئەفسەرانی وەزارتی پێشمەرگە لە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تەواوبوو.
شۆڕش ئیسماعیل، وەزیری پێشمەرگە لە پەیامێکدا رایگەیاند: “پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەران، دەبێتە وزەیەکی نوێ و پاڵنەرێکی بەهێز بۆ ئەوەی بە ورەیەکی بەرزترەوە وەک قەڵایەکی پۆڵایین لە پارێزگاریکردن لە خاک و شکۆی گەلی کوردستان بەردەوام بن”
هەر لە پەیامەکەدا هاتووە: “بە خۆشحاڵییەکی زۆرەوە، خشتەکانی پلەبەرزکردنەوەی ئەفسەرە قارەمانەکانی وەزارەتی پێشمەرگە رادەگەیەنین، لە سەرەتای دەستبەکاربوونمانەوە کە وەک تیمێکی یەکگرتوو هەوڵێکی زۆرمان داوە تاوەکو ئەم پرۆسەیە لە کات و ساتی یاسایی خۆیدا جێگیر بکەین”.
وەزیری پێشمەرگە دەشڵێت: “دڵنیایی بە ئەو ئەفسەرانە دەدەین، کە ناویان لە خشتەکانی دیکەدایە، بە زووترین کات شایستەی پلەبەرزکردنەوەکانیان دەگەڕێتەوە وەزارەتی پێشمەرگە، گەرمترین پیرۆزبایی لە ئەفسەرانی هێزی پێشمەرگە دەکەم و هیوای سەرکەوتنی بەردەوامییان بۆ دەخوازم”.