وەزارەتی گواستنەوەی عێراق: 100 گەشتی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی حاجیان تەرخان کراوە

وەزارەتی گواستنەوەی عێراق پلانی وەرزی حەجی ئەمساڵی ڕاگەیاند و ئاشکرای کرد کە 100گەشتی ئاسمانی بۆ گواستنەوەی حاجیان تەرخان کراوە، تاوەکو پڕۆسەکە لە ماوەی 17ڕۆژدا بە سەرکەوتوویی لە فڕۆکەخانە جیاوازەکانەوە ئەنجام بدرێت.

بەگوێرەی خشتەی دیاریکراو، بڕیارە ڕۆژی پێنجشەممە 7ـی ئایار، یەکەم گەشتی ئاسمانی لە فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێرەوە بەرەو عەرەبستانی سعوودیە دەستپێبکات. هەروەها ڕۆژی دواتر، یەکەم گەشتی حاجیان لە فڕۆکەخانەی سلێمانییەوە ئەنجام دەدرێت.

مەیسەم سافی، بەڕێوەبەری ڕاگەیاندنی وەزارەتی گواستنەوە ڕایگەیاند، گەشتەکان لە فڕۆکەخانەکانی بەغدا، هەولێر، سلێمانی، نەجەف و بەسرە ئەنجام دەدرێن، سەرەتا پلانەکە بە 4 گەشتی ڕۆژانە دەستپێدەکات و دواتر بۆ 7 گەشت زیاد دەکرێت، پڕۆسەی گواستنەوەی وشکانی لە پارێزگاکانی باشوورەوە لە 25ـی نیسانەوە دەستیپێکردووە.

کۆی گشتیی ئەو هاوڵاتیانەی ئەمساڵ لە عێراقەوە فەریزەی حەج ئەنجام دەدەن، 33 هەزار و 690 کەسن، کە پشکی هەرێمی کوردستان لەو ژمارەیە بریتییە لە 5 هەزار و 120 حاجی. ئەم پشکانە لەلایەن دەسەڵاتدارانی سعوودیەوە و لەسەر بنەمای (یەک حاجی بۆ هەر هەزار کەس) لە دانیشتووان دیاری کراوە.

وەزارەتی گواستنەوە جەختی کردووەتەوە تەواوی فەرمانگە پەیوەندیدارەکانی ڕاسپاردووە بۆ دابینکردنی باشترین خزمەتگوزاری و گواستنەوەیەکی ئارام بۆ “میوانانی خودا” تاوەکو بەبێ هیچ گرفتێک بگەنە شوێنی مەبەست.

ھەواڵی زیاتر