لە مانگی سێ بڕی 3.2 ملیار دینار بۆ هاووڵاتیان گەڕێندراوەتەوە، ئەمەش دوای ئەوە دێت کە داشکاندنی %20ـی کارەبا، لە رێگەی پارەدانی ئەلیکترۆنی ئی-پسوولەوە خرایە بەردەست هاوڵاتییان.
وەزارەتی کارەبا لە حکوومەتی هەرێمی کوردستان بڵاویکردووەتەوە، ئەو 3.2 ملیار دینارەی بۆ هاووڵاتیان گەڕێندراوەتەوە، لە چوارچێوە داشکاندنی %20ـی کرێی مانگی دووی هاوبەشانی ماڵان بووە، کە لە کاتی پارەدان لە رێگەی سەکۆی ئی-پسوولەوە رێژەی داشکانەکەیان بۆ گەڕێندراوەتەوە.
هەروەها هاوبەشانی ماڵان کە بڕی داشکاندنەکەیان زیاترە لە پسوولەی مانگی سێ، بڕی ئەو داشکاندنەی بۆیان ماوە دەخرێتە سەر قەرزی پێش رووناکی.
مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، پڕۆژەی رووناکی راگەیاند، تا ئێستا نزیکەی 5.5 ملیۆن هاووڵاتی کە زیاترە لە 85%ی هاووڵاتیانی کوردستان، لە رێگای پڕۆژەی رووناکی کارەبای 24 کاتژمێرییان بۆ دابینکراوە، بڕیاریشە تا کۆتایی 2026 کارەبای 24 کاتژمێری بۆ سەرجەم ماڵ و شوێنە بازرگانییەکان دابینبکرێت.
هەروەها بە گوێرەی نرخە نوێیەکان، 80%ی هاووڵاتیان، بە تایبەتی کەم دەرامەتان، پارەیەکی کەمتر دەدەن بە بەراورد بەو پارەیەی پێشتر دەیاندا بۆ کارەبای مۆلیدە و کارەبای نیشتمانی.