کارگەیەکی شەکر لە کوردستان دروست دەکرێت و سەدان هەلیکار دەڕەخسێنێت

کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی شەکر لە سنووری پارێزگای دهۆک دروست دەکرێت، ئەم کارگەیە پشت بە چاندنی چەوەندەر و قامیشی شەکر دەبەستێت و شەکری 100% سروشتی بەرهەم دەهێنێت، لە جیاتی شەکری هاوردەکراو و دەستکرد. 

هەڤاڵ سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنان لە پارێزگای دهۆک ڕایگەیاند، کارگەیەکی گەورەی بەرهەمهێنانی شەکر بە سەرمایەی 110 ملیۆن دۆلار؛ لە ناحیەی قەسرۆکی سەر بە قەزای شێخان دروست دەکرێت، پرۆژەکە پەسەند کراوە و لە قۆناغی دابینکردنی زەویدایە، دواتر رێکارەکانی پێدانی مۆڵەتی وەبەرهێنان دەست پێدەکات.

روونیشی کردەوە، ئەم کارگەیە لەسەر ئاستی عێراق و هەرێمی کوردستان بێوێنەیە و سوودی بۆ جووتیاران دەبێت لەوەی کارگەکە پشت بە چاندنی چەوەندەر و قامیشی شەکر دەبەستێت، ئەمەش جووتیاران هان دەدات بەروبوومەکانیان بچێنن و کارگەکە لێیان دەکڕێتەوە.

بە گوتەی بەڕێوەبەری گشتیی وەبەرهێنانی پارێزگای دهۆک، پرۆژەکە لە نێوان 300 بۆ 400 دەرفەتی کاری راستەوخۆ دەڕەخسێنێت و بە شێوەی ناڕاستەوخۆش هەزاران جووتیار و کرێکار سوودمەند دەبن.

پرۆژەی دروستکردنی کارگەی شەکر لە قەسرۆکی سەر بە پارێزگای دهۆک، یەکێکە لەو هەنگاوە گرنگانەی ئامانج لێی دابینکردنی ئاسایشی خۆراک و بەکارخستنی بەرهەمی جووتیارانە. ئەم جۆرە پرۆژانە نەک تەنیا پێداویستیی ناوخۆ پڕ دەکەنەوە، بەڵکوو دەبنە هۆی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری و سەربەخۆیی خۆراکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان.

ھەواڵی زیاتر