مەسرور بارزانی: حکومەت داکۆکی دەکات لە ئازادیی کاری ڕاگەیاندن

مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی، پشتیوانیی حکوومەت بۆ ئازادیی کاری راگەیاندن دووپات دەکاتەوە  و پەیامێکی پیرۆزبایی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەی سەرۆکوەزیراندا هاتووە: “بە بۆنەی رۆژی رۆژنامەگەريی کوردی و دەرچوونی یەکەم ژمارەی رۆژنامەی (کوردستان)، لەلایەن میر میقداد مەدحەت بەدرخان، کە هاوکات ساڵیادی دامەزراندنی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستانە، پیرۆزبایی لە گشت رۆژنامەنووسانی کوردستان و ئەندامانی سەندیکای رۆژنامەنووسان دەکەم و هیوای سەرکەوتن و پێشکەوتنی زیاتریان بۆ دەخوازم”.

سەرۆکی حکومەت جەختیش دەکاتەوە، “حکومەتی هەرێمی کوردستان وەک هەمیشە، پابەندە بە داکۆکیکردن لە ئازادیی کاری راگەیاندن و رۆژنامەوانی و پێشکەشکردنی کارئاسانیی پێویست بۆ راگەیاندنکاران”. 

هەروەها داوا لە راگەیەندکارانی کوردستان دەکات، “لە ئاست پیشە و ئەرکی گرنگی راگەیاندندا بن و بەشێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیارانە، كاری خۆیان ئەنجام بدەن و یاسا و ئیتیک و پێوەرە نێودەوڵەتییەکانی ڕۆژنامەوانی لەبەرچاو بگرن و رۆڵی کارای خۆیان لە هۆشیارکردنەوەی کۆمەڵگە و بەرگریکردن لە دەسکەوتە نیشتمانییەکان و کولتووری بەیەکەوەژیانی ئاشتییانە و قەوارەی دەستووریی هەرێمی کوردستان بگێڕن”.

رۆژی 22ـی نیسانی هەموو ساڵێک وەک رۆژی رۆژنامەگەریی کوردی دانراوە، ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی 1898 کاتێک میقداد مەدحەت بەدرخان یەکەم ژمارەی رۆژنامەی کوردستانی لە شاری قاهیرەی پایتەختی میسر چاپ و بڵاو کردەوە. 

ھەواڵی زیاتر