بۆ هاونیشتمانیان؛ بەنزین زۆرە و پێویست بە دروستکردنی قەرەباڵخی ناکات

لە بەنزینخانەکانی هەولێر و سلێمانی قەرەباڵخی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دڵنیایی دەدەنە هاووڵاتییان کە هیچ گرفتێکی کەمیی بەنزین لە ئارادا نییە و نرخەکانیش بە جێگیری دەمێننەوە، جەختیش دەکەنەوە لەوەی پێویست بە دڵەڕاوکێ ناکات و ئەو قەرەباڵخییەی دروستبووە بێ پاساوە، چونکە بڕی پێویستی سووتەمەنی لە کۆگاکاندا هەیە و پرۆسەی دابەشکردنی بەنزینی پاڵپشتیکراوی 750 دیناریش وەک پێشتر بەردەوامە.

جەنگی مەجید، سەرۆکی ئەنجوومەنی بەنزینخانەکانی هەولێر، ڕایگەیاند، چاودێرییەکی توند بۆ نرخەکان هەیە و ڕێگە بە هیچ زیادکردنێکی نرختی بەنزین نادرێت. ئەگەرچی هەندێک لە بەنزینخانەکان هەوڵی بەرزکردنەوەی نرخیان داوە، بەڵام لیژنەکانی چاودێری ڕاسپێردراون بۆ لێپێچینەوە لە هەر سەرپێچییەک.

هاوکاتی کەمال محەممەد، وەزیری سامانە سرووشتییەکان، ڕایگەیاندووە کە ئاڵۆزییە ناوچەییەکان نابنە هۆی کەمبوونەوەی سووتەمەنی، بەڵکو بڕی بەرهەمهێنراو لە زیادبووندایە.

لە ئێستادا نرخی بەنزین لە نێوان جۆرە جیاوازەکاندا جێگیرە، بەجۆرێک لیتری نۆرماڵ لە نێوان 800 بۆ 875 دیناردایە، موحەسەن بە هەزار و 50 بۆ هەزار و 100 دینار و سووپەریش بە هەزار و 200 بۆ هەزار و 250 دینار دەفرۆشرێت.

بەرپرسانی سلێمانیش هاوشێوەی هەولێر دووپاتی دەکەنەوە کە بڕی پێویست لە سووتەمەنی بەردەستە و داوا لە هاونیشتمانییان دەکەن بۆ کڕینی بەنزین پەستانی زۆر نەخەنە سەر بەنزینخانەکان، چونکە هیچ مەترسییەک بۆ سەر کەمبوونەوەی ئەم مادەیە بوونی نییە.

ھەواڵی زیاتر