شەڕ لەنێوان دوو وڵاتی گەورەدا هەڵگیرسا

وتەبێژێکی سوپای ئەفغانستان رایگەیاند، وڵاتەکەی دەستی بە “هێرشی توند” کردووە بۆ سەر پاکستانی دراوسێی، ئەمەش وەک وەڵامێک بۆ ئەو بۆردوومانە کوشندانەی کە ئیسلامئاباد لە چەند رۆژی رابردوودا لە ناو خاکی ئەفغانستاندا کردبوونی.

ڕۆژی پێنجشەممە 26-02-2026، وەحیدوڵڵا محەممەدی، گوتەبێژی سوپا لە ناوچەی رۆژهەڵاتی ئەفغانستان، لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا گوتی: “بۆ تۆڵەسەندنەوە لەو هێرشە ئاسمانییانەی کە پاکستان لە هەرێمی نانگارهار و پاکتیا کردنی، هێزەکانی سەر سنوور لە زۆنی رۆژهەڵات دەستیان بە هێرشی قورس کردووە بۆ سەر بنکە و بارەگاکانی سوپای پاکستان.”

بەپێی راگەیەنراوی نووسینگەی میدیایی سوپای ئەفغانستان، “پێکدادانی تووند” لە شەوی پێنجشەممەوە دەستی پێکردووە. تاوەکو ئێستا حکومەتی پاکستان بە شێوەیەکی فەرمی دەستپێکردنی هێرشەکانی پشتڕاستنەکردووەتەوە و هیچ زانیارییەکیش لەسەر ژمارەی قوربانییە ئەگەرییەکان لەبەردەستدا نییە.

ئەم هەڵکشانە توندەی نێوان هەردوو وڵات دوای ئەوە دێت، رۆژی یەکشەممەی رابردوو سوپای پاکستان زنجیرەیەک هێرشی ئاسمانی کردە سەر سنووری ئەفغانستان.

ئیسلامئاباد لەو کاتەدا رایگەیاند، “لانیکەم 70 چەکداری تێرۆریستیان کوشتووە،” بەڵام دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان ئەم بانگەشەیەیان بە تووندی رەتکردەوە و رایانگەیاند، لەو هێرشانەدا دەیان هاووڵاتیی سڤیل، لەوانە ژن و منداڵ، بوونەتە قوربانی.

ئێستا دۆخی سنوورەکانی نێوان ئەفغانستان و پاکستان گەیشتۆەتە ئاستێکی مەترسیدار و ئەگەری فراوانبوونی پێکدادانە سەربازییەکان هەیە.

ھەواڵی زیاتر