ئیسرائیل هەرەشەی لە پایتەختی ئێران دەکات

وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل لە تۆڕی كۆمەڵایەتی (ئێكس) بڵاوی كردەوە: ئەگەر ئێران زاتی هەر هێرشێكی بۆ سەر ئێمە هەبێت، ئەوا ئێمە لەناو تەهران وەڵاممان بۆیان دەبێت.

ئەم هەڕەشەی وەزیری دەرەوەی ئیسڕائیل دوای لێدوانێكی عەلی خامەنەیی رابەری شۆڕشی كۆماری ئیسلامی ئێران هات كە رایگەیاندبوو وەڵامی توندیان بۆ بۆردومانەكەی باڵیۆزخانەی وڵاتەكەیان لە سووریا دەبێت.

ئێوارەی رۆژی دووشەمی هەفتەی رابردوو باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئێران لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بۆردومان كرا.

لە بۆردومانەكەدا 7 فەرماندە و بەرپرسی باڵای فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران كوژران كە لە كاتی بۆردومانەكەدا لەنێو باڵەخانەدا بوون.

لەبارەی ژمارەی كوژراوەكان، سوپای پاسدارانی ئێران بەفەرمی رایگەیاندبوو كە دوو عەمیدی سەربازی و 5 ئەفسەری باڵای سوپای پاسداران لە بۆردومانەكەدا كوژراون.

یەكێك لە كوژراوەكان محەمەد رەزا زاهیدی فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسداران لە سووریا و لبنان بوو لەگەڵ راوێژكار و بەڕێوەبەری نووسینگەكەی بەناوی محەمەد حاجی رەحیمی.

لای خۆشییەوە روانگەی سووری بۆ مافەكانی مرۆڤ رایگەیاندبوو كە لە ئەنجامی بۆردومانەكەدا بەشێوەیەكی گشتی 16 كەس كوژران.

ھەواڵی زیاتر