بۆ کۆنتڕۆڵکردنی گۆڕان، چیا نەوشیروان مستەفا “گروپی لۆبی” دروست دەكات


چیا نەوشیروان مستەفا گروپێكی لەناو بزووتنەوەی گۆڕان دروستكردووە، بۆ ئەوەی لەڕێگەی ئەو گروپەوە فشار لەسەر ئۆرگانەكانی بزووتنەوەكە دروست بكات، كە ئێستا سەرقاڵی ئامادەكارین بۆ بەستنی كۆنفرانسی نیشتمانی.
بەپێی زانیارییەکان، گروپەكە ناوی لێنراوە “گروپی لۆبی”‌و لەچەند ئەندامێكی جڤاتی نیشتمانی‌و چەند كەسێكی تری ناو بزووتنەوەی گۆڕان پێكدێن.
هەر بەپێی زانیارییەكان، ئامانج لەدروستكردنی ئەو گروپە ئەوەیە، بۆ ئەوەی چیا نەوشیروان مستەفا لەڕێگەیانەوە فشار لەسەر ئۆرگانەكانی بزووتنەوەی گۆڕان دروست بكات‌و ئەو ئامانجانەی دەیەوێت بۆ كۆنفرانسی نیشتمانی بەدی بهێنێت.
ئەمە لەكاتێكدایە، بڕیارە رۆژی 26ی كانوونی دووەم بزووتنەوەی گۆڕان كۆنفرانسی نیشتمانی ببەستێت‌و لەئێستاوە دەستكراوە بە ئامادەكاری بۆ بەستنی كۆنفرانسەكە.
زانیارییەكان باس لەوەش دەكەن، كە “گروپی لۆبی” بە ئاماژەی چیا نەوشیروان مستەفا دەستیان بەفشار كردووە، بۆ ئەوەی لە لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانس چەند ئەندامێكیان هەبێت.
“گروپی لۆبی” داوای سێ‌ ئەندامیان لەو لیژنە نۆ كەسییە كردووە، كە بڕیارە ئامادەكاری بۆ كۆنفرانسی نیشتمانی بكەن، بەو هۆیەشەوە كێشە دروست بووەو تائێستا نەتوانراوە ئەندامەكانی ئەو لیژنەیە دیاری بكرێت.
بەپێی راسپاردەی جڤاتی نیشتمانی دەبێت ئەندامانی لیژنەی ئامادەكاری كۆنفرانسی گۆڕان لە نۆ كەس پێكبێن‌و تائێستا چوار ئەندام لە جڤاتەكانی گشتی‌و نیشتمانی دیاریكراون بۆ لیژنەكەو كێشە لەسەر پێنج ئەندامەكەی تر هەیەو بەو هۆیەوە نەتوانراوە لیژنەكە پێكبهێنرێت.

ژێدەر

بوار نیوز

ھەواڵی زیاتر