شەوی سەری ساڵ نزیکەی 900 ئۆتۆمبێل لە فەرەنسا سووتێندران

لە شاری ستراسبۆرگ لە فەرەنسا، تیمەکانی بەرگریی شارستانی دەیان ئۆتۆمبێل دەگوازنەوە کە لە لایەن خەڵکەوە ئاگریان تێبەردراوە. سووتاندنی ئۆتۆمبێل لە شەوی سەری ساڵ لە فەرەنسا بووەتە دیاردە، خەریکە جێگەی خۆی لە مێژوو و کولتووری فەرەنسی بەهێز دەکات.

شەوی رابردوو 874 ئۆتۆمبێل لە فەرەنسا سووتێندران؛ 87 یان تەنیا لە شاری ستراسبۆرگ بوون. لێکۆڵینەوە دەستی پێکراوە و 441 کەسیش دەستگیرکراون.

ژان پاول، دانیشتووی ستراسبۆرگ دەڵێت “ئۆتۆمبێل ماڵ و سەروەت و سامانە، ئامرازی کارکردنە، دەتوانیت لە چرکەیەکدا لەدەستی بدەی. بێ ئۆتۆمبێل بەیانی رۆژی دووشەممە چۆن دەچیتە سەرکار؟”

سووتاندنی ئۆتۆمبێل لە فەرەنسا مێژووەکەی بۆ 90ـەکانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە.

هۆکاری جیاواز باس دەکرێت بۆ سووتاندنی ئۆتۆمبێلەکان لە شەوی سەری ساڵی نوێدا لە فەرەنسا، لەوانەش وەک رێگەیەک بۆ نەهێشتنی بێزاری و ناڕەحەتی لای هەندێک کەس.

ماریتی مونیر، دانیشتووی ستراسبۆرگ دەڵێت “بووەتە کێبڕکێ لەنێوان گەڕەکەکان، بۆ ئەوەی بزانن کام گەڕەک زۆرترین ئۆتۆمبێل دەسووتێنێ؛ ئەمە جێگەی قبووڵکردن نییە. باشتروایە ئۆتۆمبێلەکانمان بپارێزین.”

لە شەوی سەری ساڵی نوێی ساڵی 2018دا 1290 ئۆتۆمبێل و لە 2019شدا 1457 ئۆتۆمبێل سووتێندران. بەڵام لە 2020دا بەهۆی قەدەخەی هاتووچۆ خەڵک دەرفەتی ئۆتۆمبێل سووتاندنیان کەمتر بوو کە 861 ئۆتۆمبێل بوو.  

ھەواڵی زیاتر