عەتا سەراوی هەڕەشە دەکات “تۆڵە لەو کەسە دەکەمەوە ژەهرخواردی کردووم”

ئەندامێکی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان پێی وایە ئەو مەسەلەی ژەھرخواردکردنەی لەناو ماڵی یەکێتیدا بڵاو بووەتەوە، ”بەڕاستی کارەساتە” و دەشڵێت، بەشێکی هۆکارەکەی پەیوەندیی بە ناوماڵی یەکێتییەوە هەیە، ”ئەی بۆچی حزبێکی دیکە پەلامار نادرێت”.

عەتا سەراوی، ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، كه‌ خۆشی یه‌كێكه‌ له‌ ژه‌هراخواردكراوان ڕایگەیاند: ”لەسەر پرسی ژەھرخواردکردنی خۆم گەیشتوومەتە ئەو قەناعەتەی کە ئەوەی دوژمنی خۆم و حزبەکەمە بە شێوازی گونجاوی خۆم تۆڵەی لێ بکەمەوە، ئەوەشی پەیوەندیی بە سەلامەتیی گیانی ھەڤاڵەکانمانەوە ھەیە، ئەوە ئیشی دامودەزگا ئەمنییەکانە بۆ ئەوەی سەلامەتیی گیانی ھەڤاڵەکانمان بپارێزن”.

ئەو سەرکردەیەی یەکێتی گوتیشی: ”ئەو مەسەلەی ژەھرخواردکردنەی لەناو ماڵی یەکێتیدا بڵاو بووەتەوە، بەڕاستی کارەساتە، چونکە ھیچ حزبێک وەکوو یەکێتی پەلامار نەدراوە، ھۆکارەکەشی بەشێکی پەیوەندیی بە خۆمانەوە ھەیە، چونکە ئەو ژەھرخواردکردنە شتێکی ئاسان نییە، ئەی بۆچی حزبێکی دیکە پەلامار نادرێت؟ ئەمە بۆ خۆی دەلالەت لە زۆر شت دەکات، بۆیە پێویستە ئێمە ناوماڵی خۆمان ڕێک بخەینەوە و ئەوەی تاوەکوو ئێستا دەرچووە و سەلامەت بووە، باشتر وایە کە زیاتر ئاگای لە خۆی بێت، چونکە دواجار دەبینە گاڵتەجاڕی خەڵک کە ئەوەی ھەستێت وەکوو دەرمانی مشک، کێی بوێت دەرمانخواردی دەکات و وەکوو بەرزەکی بانان بۆی دەربچێت”.

عەتا سەراوی ئەوەشی نەشاردەوە كە ئەو ‘نیگەرانە لەوەی هەڤاڵەكانی ژەھرخوارد کراون، ”ھیوادارم تەندروستیی ئەو ھەڤاڵانە بگەڕێتەوە دۆخی جارانی، بەڵام خۆم بەشی ئەوە توانام ھەیە دۆست و دوژمنی خۆم بناسم، بۆیە کەی یەقینم بۆ دروست بوو، ئەو کاتە لە بەرچاوی خەڵک و بە ئاشکرا وەکوو سەردەمی دادگای شۆڕش، تۆڵەی لێ دەکەمەوە و ڕێگە نادەم ھیچ کەسێک ئاوا بە ئاسانی من و ھەڤاڵەکانم ژەھرخوارد بکات”.

ئاماژەی بەوەش کرد، دوای ئەوەی ساڵی ڕابردوو ژەھرخوارد کراوە، ئێستاش کاریگەریی ئەو ژەھرە بە جەستەیەوە ماوەتەوە و ھەفتەی دوو جار بەزۆر ھەناسەی بۆ دەدرێت و گوتیشی: ”بەڕاستی کارەساتە ئەو ماددە ژەھراوییە بگاتە دەستی ھەموو تاقم و گرووپێک بۆ ئەوەی کێیان بوێت، بیکوژن، ھەرچەندە ھەموو دەسەڵاتێک لای کاک بافڵ و دامەزراوەی ئەمنیی یەکێتییە، ئەوە ئەرکی دەزگا ئەمنییەکان و حکوومەتە بەدواداچوونی جددی بۆ ئەو پرسە مەترسیدارە بکەن، خودی خۆم ئەمە دووەم جارمە چانسی ئەوەم ھەبووە لە پرسی ژەھرخواردکردن دەربازم بێت، بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە کە بۆچی ماددەی ژەھر بەدەستی ھەموو کەسێک دەکەوێت، بەڕاستی ئەوە بۆ ئێمەی یەکێتی دەبێتە عەیبەیەکی گەورە کە ھەر کەسێک ھەڵبستێت ژەھرخواردمان بکات”.

عەتا سەراوی جەختی لەوەش کردەوە کە پێویستە لیژنەی لیکۆڵینەوە لە لایەن حکوومەتەوە لێکۆڵینەوەی ورد لەسەر یەک بە یەکی ئەو ڕووداوانە بکات، ڕووداوی ژەھرخواردکردنی ئێستا و ئەوانەی ساڵی ١٩٩١ و دواتر بە بەڵگە بیسەلمێنن ئەو پەرپرسانەی یەکێتی ژەھرخوارد کراون و ئاشکرای بکەن ئەو کەسانە کێن ئەو تاوانە مەترسیدارەیان کردووە، بۆ ئەوەی لە دادگایەکی ئاشکرادا وەکوو تاقمێکی تیرۆریستیی پیاوکوژ و ڕەشەکوژ دادگایی بکرێن و سزا بدرێن و بکرێن بە عیبرەت، بۆ ئەوەی ھیچ کەسێک جورئەتی ئەوە نەکات، جارێکی دیکە تاوانی مەترسیداری لەو شێوەیە بکات.

باس نیوز

ھەواڵی زیاتر