جەنگ دەستیپێکردەوە
سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، ئێران ژمارەیەک مووشەکی ئاراستەی خاکی وڵاتەکەیان کردووە و، سیستمە بەرگرییە ئاسمانییەکان بۆ بەرپەرچدانەوە و تێکشکاندنی ئەو هەڕەشانە چالاک کراون. لە بەرامبەردا، بەرپرسێکی ئیسرائیل هەرەشەی بەرپەرچدانەوەی تووند بە هێرشکردنە سەر تاران دەکات.
بەگوێرەی ڕاگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، سیستمە بەرگرییەکان بۆ بەرپەرچدانەوەی ئەو مووشەکانەی ئێران چالاککراون. هاوکات زەنگی ئاگادارکردنەوە لە چەندین ناوچەی ئیسرائیل لێدراوە.
قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران هێرشی مووشەکی بۆ سەر ئیسرائیلی پشتراستکردەوە و هۆشداری دەداتە ئەو وڵاتە و دەڵێت، لە ئەگەری بەرفراوانکردنی هێرشەکانی بۆ سەر ئەو زاحییەی بەیرووت یان وەڵامدانەوەی هەنگاوەکەی ئێران، رووبەڕووی لێدانی توندتر و پەشیمانکەرەوە دەبێتەوە.
قەرارگەی خاتەمولئەنبیای ئێران لەبارەی هێرشی مووشەکیی ئەمشەو بۆ سەر ئێسرائیل راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە.
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “سوپای زایۆنی دەبێت هێرشەکانی بۆ سەر باشووری لوبنان و زاحییە رابگرێت و لە ئەگەری بەرفراوانکردنی هێرشەکانی بۆ سەر ئەو ناوچەیە یان وەڵامدانەوەی هەنگاوەکەی ئێران، رووبەڕووی لێدانی توندتر و پەشیمانکەرەوە دەبێتەوە و هێرشی وێرانکەر لە دژی ئەو رژێمە و لایەنگرانی دەستپێدەکات.”
قەرارگەی خاتەمولئەنبیا دەڵێت: “رژێمی دەستدرێژکاری زایۆنی بە پێشێلکردنی بەردەوامی ئاگربەست، رۆژ لە دوای رۆژ خراپەکارییەکانی دژی گەلی چەوساوەی لوبنان زیاتر دەکات؛ ئەمەش بە گڵۆپی سەوز و پاڵپشتیی ئەمریکای تاوانبار و بێدەنگیی ناوەندە نێودەوڵەتییەکان ئەنجام دەدات، و بە بەکارهێنانی چەکی قەدەغەکراو لەوانەش بۆمبی فۆسفۆری، تاوانی جەنگ ئەنجام دەدات.”