پەیامێک لە ترەمپەوە بۆ ئێران

دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا لە نوێترین لێدوانیدا لەبارەی جەنگی ئێران ڕایگەیاند، پێشنیازی ئێرانی بەدەست گەیشتووە بەڵام پێی ڕازی نییە.

ترەمپ لەبارەی ئیسرائیلەوە دەڵێت: ئەو وڵاتە پێویستی بە سەرۆکێکە کە جەنگ بەڕێوە ببات نەک سەرقاڵی کاری لابەلا بێت.

لە بەرامبەردا راوێژکاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران ڕایگەیاند، وەڵامی ئەمریکایان لەبارەی پێشنیازەکەی تاران بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕ وەرگرتووە و ئێستا خەریکی لێکۆڵینەوەن لێی. هەروەها ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە پێشنیازی ئێران بۆ لادانی مینەکان لە تەنگەی هورمز دەکەن.

راوێژکاری وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە لێدوانێکدا بۆ کەناڵی “جەزیرە” رایگەیاند: “پێش چەند کاژێرێک وەڵامی ئەمریکامان لەسەر پێشنیازەکەمان پێگەیشت. واشنتن چەند هەموارێکی بۆ پێشنیازەکەمان پێشکەش کردووە، ئێمە ئێستا لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکەین و لە رێگەی پاکستانەوە وەڵامەکەیان بۆ دەنێرینەوە.”

ئەو بەرپرسە ئێرانییە جەختی کردەوە کە تاران بەردەوام سەرنجی لەسەر کۆتاییهێنانە بە شەڕ لەگەڵ لایەنی ئەمریکی و گوتی: “پێشنیازی کۆتاییهێنان بە شەڕمان لە بەرە جیاوازەکاندا کردووە، لەوانەش لوبنان، هەروەها تاووتوێکردنی بارودۆخی تەنگەی هورمزیش بەشێکە لەو پێشنیازە.”

سەبارەت بە دەنگۆی لادانی مینەکان لە تەنگەی هورمز، راوێژکارەکەی وەزارەتی دەرەوە گوتی: “ئەو قسانەی باس لەوە دەکەن کە ئێمە پێشنیازی لادانی مینەکانمان لە تەنگەی هورمز کردبێت، دوورن لە راستییەوە.” ئاماژەی بەوەش کرد کە واشنتن تەنگەی هورمزی بۆ ناردنی هاوکاری بۆ هێزەکانی لە ناوچەکەدا بەکارهێناوە.

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، ئەو بەرپرسە ئێرانییە باسی لە هاوئاهەنگی لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ کرد و گوتی: “لەگەڵ عومان هاوکاری دەکەین بۆ گرتنەبەری رێکاری دیاریکراو تاوەکو دڵنیابین هیچ هێرشێک دژی ئێران ئەنجام نادرێت. هەروەها لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و وڵاتانی کەناراوەکان هاوئاهەنگی دەکەین سەبارەت بە بارودۆخی تەنگەی هورمز.”

لە کۆتاییدا جەختی کردەوە کە “کەس ناتوانێت لە رێگەی گوشارەوە بۆ سەر ئێران، هیچ ئامانجێک بپێکێت.”

ھەواڵی زیاتر