زنجیرەیەک بۆردوومانی چڕ فەرماندە باڵاکانی حەشدی شەعبی دەکاتە ئامانج
لە چوارچێوەی پەرەسەندنی جەنگی نێوان ئەمریکا و ئیسرائیل دژی گرووپە چەکدارەکانی نزیک لە ئێران لە عێراق، بارەگاکانی دەستەی حەشدی شەعبی لە پارێزگاکانی ئەنبار و بابل رووبەڕووی شەپۆلێکی توندی بۆردوومانی ئاسمانی بوونەوە، بەهۆیەوە چەندین فەرماندەی پلەباڵا گیانیان لەدەستدا.
بەگوێرەی زانیارییە میدیایی و ئەمنییەکان، فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا کۆبوونەوەیەکی فەرمیی فەرماندەکانی حەشدیان لە بەرزاییەکانی حەبانیە کردووەتە ئامانج. ئەنجامی هێرشەکە کوژرانی ئەم بەرپرسە باڵایانەی لێکەوتووەتەوە.
سەعد داوی: فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی حەشد لە پارێزگای ئەنبار.
حاجی حەیدەر مەعمووری: بەڕێوەبەری ئاسایشی حەشد لە پارێزگاکە.
واسق فەرتووسی: بەڕێوەبەری هەواڵگریی ئۆپەراسیۆنەکانی ئەنبار.
هێرشەکەی جەرف سەخر لە بابل
هاوکات لەگەڵ هێرشەکانی ئەنبار، ناوچەی جەرف سەخر لە پارێزگای بابل بۆردوومان کراوە. دەستەی حەشدی شەعبی لە ڕاگەیەندراوێکی فەرمیدا پشتڕاستی کردەوە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بارەگاکانی “ئۆپەراسیۆنی جەزیرە”یان کردووەتە ئامانج و بەهۆیەوە دوو چەکداری لیوای 47 بریندار بوون.