عێراق چەند فرۆکەیە بە دیاریی وەردەگرێت

عێراق گرێبەستێکی بۆ کڕینی فڕۆکەی جەنگی لەگەڵ ئەمریکا واژۆکرد و ئەمریکا چەند فڕۆکەیەکی بە دیاری پێ دەدات، گوتەبێژی حکومەتی عێراق دەڵێت، ژمارەیەک رێکاریان گرتووەتەبەر بۆ قەدەخەکردنی بەقاچاخبردنی دۆلار بۆ ئێران.

باسم عەوادی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق لە لێدوانێکدا بە کەناڵی CNBCـی ئەمریکی گوتووە لە چوارچێوەی سەردانی سەرۆکوەزیرانی عێراق بە سەرۆکایەتی شاندێکی باڵا بۆ واشنتن، گرێبەستێکیان بۆ کڕینی 41 فڕۆکەی جەنگی واژۆ کردووە لە دوای دیداری نێوان محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و جۆ بایدن، سەرۆکی ئەمریکا.

“پلانێکی نەرم بۆ دانەوەی پارەی ئەو فڕۆکانە هەیە.” بە قسەی عەوادی، وڵاتەکەی بە یەک کاروان پارەی فڕۆکەکان نادات، دەشڵێت: “بەشێک لەو فڕۆکانە دیاریی ئەمریکان بۆ عێراق.”

لە ماوەی چەند مانگی کەمی داهاتوو عێراق فڕۆکەکان لە ئەمریکا وەردەگرێت، وەکو ئەو بەرپرسە عێراقییە روونیکردووەتەوە، هەروەها “هێڵێکی بەرهەمهێنانی تایبەت بە عێراق.” دەکرێتەوە.

بەشێک لە نێوەڕۆکی دیدارەکەی نێوان سوودانی و بایدن، عەوادی بۆ ئەو کەناڵە ئەمریکییەی ئاشکراکردووە و دەڵێت، جگە لە “هەڵگرتنی سزاکانی ئەمریکا لەسەر بانکە مۆڵەتپێدراوەکانی عێراق،” باسی چوونە دەرەوەی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق کراوە.

“ئیدارەی ئەمریکا بە حکومەتەکانی پێشووی عێراقی گوتووە دوو ساڵیان لەبەردەستدایە بۆ رێکخستنەوەی کەرتی بانکی، بەڵام پێوەی پابەند نەبوون” ئەمە بە گوتەی عەوادی.

لەبارەی قەرزەکانی سەر عێراقیشەوە، گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی، “نزیکەی 9 ملیار دۆلار قەرزی دەرەکیی لەسەرە، کە قەرزی بانکی نێودەوڵەتی و سندووقی نەختینەن.”

محەممەد شیاع سوودانی، بە سەرۆکایەتیی شاندێکی عێراقی لە 13ـی ئەم مانگەوە لە ئەمریکایە، 15ـی مانگ لەگەڵ جۆبایدن کۆبووەوە، رۆژی رۆژی دووشەممە، لە بارەگەی پێنتاگۆن، سوودانی لەلایەن لۆید ئۆستن، وەزیری بەرگریی ئەمریکا گرێبەستێکی 550 ملیۆن دۆلارییان واژۆکرد بۆ “راهێنان و پڕچەککردنی هێزەکانی عێراق، لە نێویاندا پێشمەرگە.”

رووداو

ھەواڵی زیاتر