ترامپ هۆشداری لە سەرهەڵدانی جەنگی جیهانی سێیەم دەدات

ترامپ: سەرۆکی ئێستای ئەمەریکا، جۆو بایدن نزیکە وڵات بخاتە نێو جەنگێکی جیهانیی و جەنگی سێیەمیی جیهانیش لە ئان و سات دایە.

دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمەریکا و کاندیدی ئێستەی کۆمارییەکان بۆ خولی داهاتووی سەرۆکایەتیی وڵاتەکەیان دەڵێ: پێشتر چەندین جار دووبارەم کردووەتەوە، ئەگەر من سەرۆک بوومایە، ئێران بوێریی هێرش کردنە سەر ئیسرائیلی نەدەبوو، ئەو سەروەت و سامانەی ئێستاشی نەدەبوو، بەڵکو نابووت و مایە پووچ دەبوو، بەڵام بە داخەوە بایدن کەسایەتییەکی لێهاتووی نییە و ئێران 221 ملیار دۆلاری کۆکردووەتەوە بۆ پشێویی و ئاڵۆزینانەوە نەک هەر بە تەنیا لە عێراق، بەڵکوو لە تەواوی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەمەش جێی نیگەرانییە.

دەشلێت: ئەوەی لە ئیسرائیل ڕوو دەدات بە جەنگیی جیهانی کۆتایی دێت و بایدن نازانێت چی بکات. ترەمپ بە دووریشی نازانێت ئەو گرفت و ئاڵۆزییانەی بە رۆکی جیهانی گرتووەتەوە، لە کۆنترۆڵ دەربچێت و دەڵێ: ئەگەر هەیە جەنگیی ڕووسیا و ئۆکرانیاش بە جەنگیی جیهانی کۆتایی بێت.

ئەم قسانەی دۆناڵد ترەمپ لە کاتێکە کە دۆخی سیاسیی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەهۆی هەڕەشەکانی تۆڵە سەندنەوەی ئێران لە ئیسرائیل بەتەواوی ئاڵۆزبووە، بەتایبەتی لە دوای هێرشە ئاسمانییەکەی سەرەتای ئەم مانگە کە فڕۆکە جەنگییەکانی ئیسرائیل کردیانە سەر باڵەخانەی کونسوڵخانەی ئێران لە تەنیشت باڵەخانەی باڵیۆزخانەی ئەو وڵاتە لە دیمەشقی پایەختی سووریا کە بە هۆیەوە ژمارەیەک لە فەرماندەی سوپای پاسداران تیایدا کوژران و لە نێویاندا بەرپرسی فەیلەقی قودسی پاسداران لە سووریا، لوبنان و فەڵەستن هەبوو.

ھەواڵی زیاتر