وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا: “حەشد خەڵک ئەشکەنجە دەدات و پەکەکەش منداڵ دەڕفێنێت”

رۆژی دووشەممە 15-05-2023، وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا راپۆرتی ساڵانەی خۆی لەبارەی رەوشی ئازادیی ئایینیی جیهانی بۆ ساڵی 2022 بڵاوکردەوە. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا بە پشتبەستن بە قسەی سەرکردە ئایینییەکان و رێکخراوە ناحکومییەکان دەڵێت: “هێزە ئەمنییەکانی عێراق تووندوتیژی و هەراسانکارییان بەرامبەر ئەندامانی پێکهاتە کەمینەکانی دیکە بەکارهێناوە.”

راپۆرتەکە لە کاتی باسکردنی پێشێلکاریی دژی پێکهاتەکان، لە چەندین شوێندا ئاماژە بەوە دەکات کە هەرێمی کوردستان لەو پێشێلکارییانە بە دوور بووە، بەڵام رەخنە لە هێزە ئەمنییەکانی عێراق دەگرێت و دەڵێت: “وەکو ساڵانی رابردوو، راپۆرتی بڕواپێکراو هەبوون لەسەر ئەوەی کە هێزە حکومییەکان، لە نێویاندا پۆلیسی فیدراڵی، ئاسایشی نیشتمانی و حەشدی شەعبی، مامەڵەی خراپیان لەگەڵ خەڵکدا کردووە و ئەشکەنجەیان داون، بە دیاریکراویش خەڵکی عەرەبی سوننە.”

وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا هاوکات تیشک دەخاتە سەر ئەوەی کە حەشدی شەعبی “هەراسانکردنی زارەکی و مامەڵەی خراپی جەستەیی” لە بەرامبەر کوردانی ئێزدی و کریستیانەکان بەکارهێناوە، دەشڵێت، “لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانی عێراق، ئەندامانی پێکهاتە کەمینەییەکان، لەنێویشیاندا کریستیان و ئێزدییەکان، رایانگەیاند کە وێڕای هەراسانکردنیان بە شێوەیەکی زارەکی لە لایەن دامودەزگە خۆجێیەکانەوە، حکومەتی ناوەندی بەشێوەیەکی گشتی دەستوەردانی نەکرد.”

ھەواڵی زیاتر