وەزارەتی ناوخۆی حکومەت هەرێمی کوردستان ئەو زانیارییانە رەتدەکاتەوە کە باس لە هەبوونی چەکی ئەمریکی لە کۆگاکانی وەزارەتەکە لە هەولێر دەکەن و رایدەگەیێنێت، سکاڵای یاسایی لەسەر ئەو کەناڵە و ئەو میوانە تۆمار دەکەن کە ئەو هەواڵەیان بڵاوکردووەتەوە.
لە راگەیێندراوێکدا کە ئەمڕۆ 2ـی ئایاری 2026 بڵاوکرایەوە، راگەیاندنی وەزارەتی ناوخۆ ئاماژەی بەوە کردووە کە لە چاوپێکەوتنێکی کەناڵ 8ـدا، بێژەرێک و کادیرێکی حیزبی گفتوگۆیان لەبارەی چەکەکانی ئەمریکا کردووە و کادیرەکە بانگەشەی ئەوەی کردووە کە ئەو چەکانە دراون بە وەزارەتی ناوخۆ و لە کۆگایەکی وەزارەت لە هەولێر دانراون.
وەزارەتی ناوخۆ جەخت دەکاتەوە کە “ئەم قسانە سەرلەبەری هەڵبەستراو و چەواشەکاریین و هیچ بنەمایەکیان نییە و دوورن لە راستی.”
لە بەشێکی دیکەی راگەیێندراوەکەدا هاتووە: “دیارە ئەوانەی ئەو چەکانەیان بردووە، هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ شاردنەوەی راستیی بابەتەکە و بە باسکردنی زیاتر و هەوڵدان بۆ بەلاڕێدابردنی رای گشتی، چەواشەکاریی زیاتر بڵاو دەکەنەوە. بەڵام رۆژێک دێت لێپرسینەوەیان لەگەڵ بکرێت.”
وەزارەتی ناوخۆ رایگەیاندووە کە وەک مافی خۆی، سکاڵای یاسایی لەسەر کەناڵەکە و میوانەکەی تۆمار دەکات و دەڵێت: “پێویستە لەبەردەم دادگە، بەڵگە بۆ ئەو چەواشەکارییانە پێشکێش بکەن، ئەگینا دەبێت باجی بڵاوکردنەوەی تۆمەتی هەڵبەستراو بدەن.”