سوپای ئیسرائیل لە نوێترین ڕاگەیەندراویدا ئاماری چالاکییە سەربازییەکانی مانگی ڕابردووی لەنێو خاکی لوبنان بڵاوکردەوە. بەگوێرەی زانیارییەکان، لەو ماوەیەدا نزیکەی هەزار چەکداری حیزبوڵڵا کوژراون و پتر لە سێ هەزار و 500 ئامانجی سەربازی لەلایەن هێزەکانی ئیسرائیلەوە پێکراون.
ئیلا واویە، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل بۆ ڕاگەیاندنی عەرەبی، لە هەژماری فەرمی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتیی “ئێکس” ئاماژەی بەوە کردووە کە هێزە وشکانییەکانیان بە هەماهەنگی و پاڵپشتیی هێزی ئاسمانی و دەریایی، بەردەوامن لە کێوماڵکردنی ناوچەکانی باشووری لوبنان بە مەبەستی تێکشکاندنی ژێرخانی سەربازیی حیزبوڵڵا.
ئامارەکانی سوپای ئیسرائیل دەریدەخەن لەنێو کوژراوەکاندا، ژمارەیەکی بەرچاو فەرماندەی باڵا و سەدان ئەندامی هێزی ڕەزوان هەن. هەروەها جەخت لەوە کراوەتەوە پێنج پردی سەرەکی تێکشکێنراون کە وەک ڕێگەی ستراتیژی بۆ گواستنەوەی چەک لە باکوورەوە بەرەو باشووری لوبنان بەکاردەهاتن.
لە بەشێکی دیکەی ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە، بنکە و کۆگەکانی کۆمەڵەی قەرزولحەسەن کراونەتە ئامانجی هێرشەکان؛ ئەم کۆمەڵەیە وەک سیستمێکی دارایی لەدەرەوەی بانکە فەرمییەکان، ئەرکی دابینکردنی هاوکارییە داراییەکانی حیزبوڵڵای لەئەستۆدایە.
سەبارەت بە وردەکاریی هێرشە مەیدانییەکان، گوتەبێژی سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند:
لە یەک هێرشی ئاسمانیدا لە باشووری لوبنان، 15 چەکدار کوژراون، ئەو چەکدارانە دوای ئەوە کراونەتە ئامانج کە لەلایەن فیرقەی 146ـی سوپاوە شوێنپێیان هەڵگیرابوو، هاوکات گرووپێکی دیکە کە هەوڵی هاویشتنی مووشەکی دژە تانکیان دابوو، پێش ئەنجامدانی هێرشەکە پێکراون.