وەزارەتی کارەبای هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، کە تیمە تەکنیکییەکانیان توانیویانە بەسەر ئەو گرفتەدا زاڵ بن کە ببووە هۆی کوژانەوەی گشتیی کارەبا و لە ئێستادا دابەشکردنی وزە گەڕاوەتەوە دۆخی ئاسایی.
بەپێی ڕاگەیێندراوێکی وەزارەتەکە کە ئەمشەو ٢٦ی ئازاری ٢٠٢٦ بڵاوکراوەتەوە، تیمەکانی کۆنترۆڵی کارەبای هەرێم و کۆنترۆڵی کارەبای هەولێر و دهۆک، بە هەماهەنگی لەگەڵ وێستگەکانی گواستنەوەی کارەبای هەردوو پارێزگاکە، سەرکەوتوو بوون لە چارەسەرکردنی کێشە تەکنیکییەکە.
لە ڕاگەیێندراوەکەدا هاتووە: “لە ئێستادا دۆخی کارەبا ئاسایی بووەتەوە و وزەی کارەبا بۆ هاووڵاتییان گەڕاوەتەوە.”
ئەمە لە کاتێکدایە کە هەر ئەمڕۆ وەزارەتی کارەبا ئاگادارییەکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژەی بەوە کردبوو کە بەهۆی کێشەیەکی تەکنیکی لە هێڵەکانی گواستنەوە، گرفت لە سیستەمی گشتیی کارەبای هەرێمی کوردستاندا دروست بووە.