مەسرور بارزانی:ڕووبەڕووی چەندین قەیران بووینەوە و بەسەر زۆربەیاندا زاڵ بووین

ئەمڕۆ یەکشەممە، 5 ی ئایاری 2024، لە شاری هەولێر، بە بەشداریی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دیداری خوێندنی باڵای ئۆردن-کوردستان لە لەژێر ناونیشانی (وێناکردنی ئایندە لەرێگەی پەرەپێدانی بەردەوام) لە هەولێری پایتەخت دەستی پێ کرد.

لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەت گوتارێکی پێشکەش کرد وجەختی لەوە کردەوە کە پێشخستن و پەرەپێدانی خوێندن و ناوەند و دامه‌زراوه‌ ئەکادیمییەکانمان، یەکێکە لە کارە لە پێشیەکانمان و دەمانەوێ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە، له‌ ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بن و ببنه‌ یارمه‌تیده‌ری پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی ئابووریمان.

ئەمەش دەقی گوتاری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانە:

بە ناوی خوا گەورە و میهرەبان
میوانان و ئامادەبووانی بەڕێز 
زۆر بەخێر بێن


بەخێرهاتنێکی گەرمی میوانانی بەڕێز، شاندی شانشینی هاشمی ئوردنی دەکەم بۆ هەرێمی کوردستان و سوپاسی ڕێکخەرانی ئەم دیدارە گرنگە دەکەم و هیوای سەرکەوتن بۆ کارەکانی دەخوازم . 
هیوادارم لە ماوەی ئەم چەند ڕۆژەدا، ئەنجام و ڕاسپاردەی گرنگ و بە سوود بخرێنە ڕوو هەروەها ئەم دیدارە، ببێتە مایەی پێشخستنی زیاتری خوێندنی باڵا لە هەرێمی کوردستان .
ڕێز و پێزانینمان هەیە بۆ هاریکاری و هەماهەنگیی شانشینی ئوردن لەگەڵ حكومەتی هەرێمی کوردستان لە بوارە جۆراوجۆرەکاندا.
خۆشحاڵین کە پەیوەندییەکی لەمێژینە و دۆستانەمان لەگەڵ شانشینی هاشمی ئوردنی بەڕێبەرایەتی خاوەن شکۆ شا عەبدوڵڵای دووەم هەیە کە لە قۆناخە جیاوازەکاندا، هاوکار و پشتیوانیی هەرێمی کوردستان بووه. 
بەڕێزان:

پێشخستن و پەرەپێدانی خوێندن و ناوەند و دامه‌زراوه‌ ئەکادیمییەکانمان، یەکێکە لە کارە لە پێشیەکانمان کە دەمانەوێ زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکانی ئێمە، له‌ ئاستی پێشکەوتنە خێراکانی ئەم سەردەمەدا بن و ببنه‌ یارمه‌تیده‌ری پرۆسه‌ی گه‌شه‌پێدانی ژێرخانی ئابووریمان.

ڕاستە لە ساڵانی ڕابروودا، ڕووبەڕووی چەندین قەیرانی جۆراوجۆر بووینەوە و بەسەر زۆریشیاندا زاڵ بووین، بەڵام چەند کێشە و قەیرانەکانیشمان هەبێت، هەرگیز ساردمان ناکەنەوە لەوەی بایەخ و گرنگییەکی تەواو، بە پێشخستن و بەرەوپێشبردنی خوێندن و زانکۆکانمان بدەین . پێویستە زانکۆکانمان، هاوکار و یارمەتیدەرمان بن بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ کێشە و گرفت و قەیرانەکان کە ڕووبەڕوومان دەبنەوە و لە ڕێگەی پلان و نەخشەڕێگەیەکی زانستییانەوە ، هاریکاريی حکومەت بکەن بۆ ئەوەی درێژە بە بەرنامەی چاکسازیی هەمەلایەنەی خۆی بدات.

ئێمە چاوەڕوانییەکی زۆرمان لە زانکۆکان هەیە بۆ ئەوەی ڕۆڵی کاریگەر و کارای خۆیان نەک تەنیا وەک مەڵبەندێکی زانستی فێرکاری و پێگەیاندنی نەوەکانمان بگێڕن، بەڵکوو دامەزراوەیەکی زیندووی ڕۆشنگەریی و بزوێنەری نوێخوازی و داهێنانيش بن .

هەمیشە خوازیاری ئەوەین کە ئارامی و سەقامگیریی لە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکە و جیهان بەگشتی هەبێت. لەم چوارچێوەیەشدا، هەمیشە هەرێمی کوردستان هەوڵیداوە و کاری کردووە بۆ ئەوەی ڕۆڵێکی ئەرێنی هەبێت لە دابينكردن وپاراستنی سەقامگیریدا ، چونکە تەنیا لە دۆخێکی سەقامگیردا، دەتوانین کار لە سەر پێشخستنی کۆمەڵگەکەمان لە هەموو بوارەکاندا بکەین بۆ ئەوەی بگەینە ئاستی وڵات و کۆمەڵگە پێشکەوتووەکان، کە ئێمە لە ڕووی سامانی مرۆیی و ماددییەوە، هیچمان لەو کۆمەڵگەیانە کەمتر نییە و تەنیا بارودۆخێکی ئارام و سەقامگیر و بەڕێوەبردنێکی ژیر و زانستی و داهێنەرانەمان پێویستە بۆ ئەوەی لە ئاست پێشکەوتنەکانی سەردەمدا بین.

جارێكی دیكه بەخێرهاتنی میوانە بەڕێزەکانمان دەکەم و ده‌ستخۆشیتان لێ ده‌كه‌م بۆ ئەنجامدانی ئەم دیدارە و هیوای سەرکەوتننان بۆ دەخوازم.

هەر شاد و سەرکەوتووبن .

ھەواڵی زیاتر