پڵنگە بریندارەکە قاچێکی لەدەستداوە و ناتوانێ بگەڕێتەوە ناو سروشت

ئەو پڵنگەی کە لە گوندێکی سنووری ئیدارەی زاخۆی سەر بە پارێزگای دهۆک کەوتە تەڵەوە و پۆلیسی دارستان بە برینداری دۆزییەوە، ئێستا براوەتە باخچەیەکی ئاژەڵان و بڕیارە رۆژی هەینی 31-12-2021 نەشتەرگەریی بۆ بکرێت.

هانا رەزا، بەرپرسی پرۆژەی پاراستنی پڵنگی کوردستان لە رێکخراوی سرووشتی عێراق رۆژی پێنجشەممە 30-12-2021 رایگەیاند، هێزەکانی پۆلیسی پاراستنی ژینگە و دارستان “بە شێوەیەکی نادروست و ناپڕۆفیشناڵانە” مامەڵەیان لەگەڵ پڵنگەکەدا کردووە، نەدەبوو ئەم هەموو خەڵکە لە دەوری ئاژەڵەکە بن.

بەرپرسی پرۆژەی پاراستنی پڵنگی کوردستان لە رێکخراوی سرووشتی عێراق ئاماژەی بەوەش کرد، پۆلیسی پاراستنی دارستان و ژینگە هیچ ئامادەکارییان بۆ گرتنی پڵنگەکە نەکردبوو، بەهۆی ئەوەی پڵنگەکە چوار رۆژ بە تەڵەوە بووە، قاچی شکاوە “کەسانی نەشارەزایان هێنابوو بۆ گرتنی، حکومەت نابێت رێگە بەو کەسانە بدات، بەکارهێنانی تەڵەی ئاسن هەر خۆی نایاساییە”.

هانا رەزا رەخنە لە موختاری گوندی زرێزە دەگرێت و دەڵێت، “موختار بۆچی لایەنی پەیوەندیداری ئاگادار نەکردووەتەوە؟ چۆن بزانین ئەو پڵنگە 25 مەڕی ئەوی خواردووە؟ حکومەت چۆن قسەی موختاری گوندەکە وەکو خۆی بڵاودەکاتەوە، دەبوایە لێپێچنەوە لە موختارەکە بکەن”.

رێکخراوەکە پێیوایە دەبوو حکومەت مامەڵەیەکی جیاوازی لەگەڵ کەیسەکە بکردادیە، “پڵنگ سامانێکی دەگمەن و سەرمایەیەکی نیشتمانیی گرنگە”.

فەرماندەی هێزی دهۆکی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگەش رەتیدەکاتەوە ئەو رووداوە بەبێ لێکۆڵینەوە و لێپرسینەوە بەسەر ئەو کەسانەدا تێپەڕبێت کە بوونەتە هۆی برینداربوون و شکانی قاچی پڵنگەکە.

جەمال سەعدۆ، فەرماندەی هێزی دهۆکی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە رایگەیاند، “رۆژی چوارشەممە 29-12-2021 کاژێر 04:00ی ئێوارە ئاگادارکراینەوە لە رووداوەکە، راستەوخۆ خۆم و تیمێک چووینە شوێنەکە بۆئەوەی کەس زیان بە پڵنگەکە نەگەیێنێت، بەڕێوەبەری باخچەی ئاژەڵانیشمان لەگەڵ بوو، دەرزیی بەنجمان لە پڵنگەکە دا، بەڵام تاوەکو ئامادەکاریمان کرد، شەوی بەسەردا هات، دونیا تاریک بوو، بۆیە پڵنگەکە خۆی ونکرد”.

فەرماندەی هێزی دهۆکی پێشمەرگەی پاراستنی ژینگە ئەوەشی خستەڕوو، “بۆ بەیانی بە یارمەتیی تیمێکی پێشمەرگە دەوروبەری گوندەکەمان گەمارۆدا، راستە قەرەباڵخی دروستبوو، ئەوان بۆ یارمەتیدان هاتبوون و خەڵکی گوند خۆیان بوون، دکتۆری ئاژەڵانیشمان لەگەڵ بوو، تەڵە ئاسنەکە یەک شەوی بەسەردا تێپەڕی لە قاچی مابووەوە، ماوەی دوو کیلۆمەتر رۆیشتبوو، چووبووە گوندێکی دیکە بەناوی ئاڤێ، کاژێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ [پێنجشەممە] بە دەرزیی بەنج گرتمان، بینیمان قاچێکی بە تەواوی شکاوە، تەنیا چەرمی پێوە مابوو، ئەو کەسانەش لەگەڵمان بوون بۆ گرتنی پڵنگەکە، هەموویان شارەزا بوون”.

لەبارەی دانانی تەڵە ئاسنەکە لەلایەن خاجە یەحیا، موختاری گوندی زڕێزە و شکانی قاچی پڵنگەکە، جەمال سەعدۆ گوتی، “ئەم رووداوە بەبێ لێکۆڵینەوە تێناپەڕێت، رۆژی یەکشەممە بانگی موختاری گوندەکە دەکەین و لێپرسینەوەی لەگەڵ دەکەین، لێکۆڵینەوەش لە رووداوەکە کۆتایی نەهاتووە و بەردەوامە”.

دەربارەی تەندروستیی پڵنگەکەش، د. سلێمان تەمر سەعید، بەرپرسی رێکخراوی کوردستان بۆ پاراستنی مافی ئاژەڵان وتی، “پڵنگەکە تەمەنی نزیکەی پێنج ساڵە، قاچی شکاوە و تووشی هەوکردنێکی زۆر بووە، سبەی هەینی نەشتەرگەریی بۆ دەکەین”.

د. سلێمان باسی لەوە کرد، “لەبەرئەوەی سەنتەری بووژانەوەمان نییە، بۆیە ئەو پڵنگە هەموو تەمەنی بە سێ قاچ دەبێت و پێشبینیش دەکرێت لە باخچەی ئاژەڵان بمێنێتەوە، ئەگەر ئاژەڵدۆست بین نابێت ئازادی بکەین، چونکە بچووکە و سێ قاچی هەیە، ناتوانێت خواردن پەیدا بکات و بەرگری لە خۆی بکات”.

ئەم جۆرە پڵنگە لەبەرئەوەی زۆرینەیان لە وڵاتی ئێرانن، ناوە باوەکەی پێی دەڵێن “پڵنگی فارسی”، هەروەها “پڵنگی کوردی”شی پێ دەڵێن. لە ئەرمینیا، پاکستان، تورکمانستان، ئێران و کوردستان دەژین.

ساڵی 2020 ئەم پڵنگە ناونراوە ‘تۆڵیانا’، رەچەکەی لە کیشوەری ئاسیا و ئەفریقا بڵاوە، یەکێکە لە گەورەترین جۆری پڵنگەکان. ئەم جۆرە پڵنگە لە جوگرافیایەکی دیاریکراو، کە زۆرجار دەگاتە 100 کیلۆمەتر، جووڵە دەکات. لە شەو و رۆژێکدا نزیکەی 100 کیلۆمەتر دەبڕێت بۆ پەیداکردنی خواردن. ماوەی مانەوەیان لە ژیان 12 بۆ 15 ساڵە، بەڵام لە باخچەکان تەمەنیان دەگاتە 20 ساڵ. گونجاوترین کات بۆ زاوزێکردنی لە ناوەڕاستی مانگی شوباتە، ماوەی سکپڕییەکەی لەنێوان 95 بۆ 105 رۆژە، زۆرینەیان دوو بەچکەیان دەبێت لە ساڵێکدا. کێشی هەر پڵنگێکی پێگەیشتووی لەم جۆرە لەنێوان 85 بۆ 100 کیلۆیە. توانای بازدانی بۆ بەرزیی سێ مەتر ستوونی هەیە.

ژێدەر
رووداو

ھەواڵی زیاتر