جگەرەی ئەلیکترۆنی ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجەی سییەکان و لووت زیاد دەکات
توێژەران دەڵێن؛ هەر چەندە جگەرەی ئەلیکترۆنی زیانی کەمترە لە جگەرەی توتن، بەڵام ئەگەری توشبوون بە شێرپەنجە زیاد دەکات.
بە پێی ئەنجامی توێژینەوەیەک لە زانکۆی کانتربێری لە نیوزلەندا، بەکارهێنانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەوانەیە ئەگەری تووشبوون بە چەندین شێرپەنجە زیاد بکات، وەک شێرپەنجەی سییەکان و لووت.
توێژەران توێژینەوەکەیان لەسەر بنەمای شیکردنەوەی ئەو ماددە کیمیاییانەی کە لە کاتی گەرمکردنی شلەمەنیەکان لەم ئامێرانەدا بەرهەمدەهێنرێن و پشکنینی کاریگەرییەکانیان لەسەر جەستە کردووە، بۆیان دەرکەوتووە کە ئەم ماددانە رەنگە مەترسیی تووشبوون بە شێرپەنجە دروست بکەن، لە هەمان کاتدا ئاماژەیان بەوە کردووە، پشتڕاستکردنەوەی وردی ئەم مەترسییە ساڵانێکی زۆری دەوێت، چونکە شێرپەنجە دەتوانێت زیاتر لە 15 ساڵ بخایەنێت تا دەربکەوێت.
هەرچەندە جگەرەی ئەلیکترۆنی هەندێک لە مەترسیدارترین پێکهاتەکانی جگەرەی توتنی تێدا نییە، وەکو قەتران و یەکەم ئۆکسیدی کاربۆن، بەڵام بە تەواوی دوور نییە لە ماددە زیانبەخشەکان، ئاستی ماددە ژەهراوییەکان، لەوانەش فۆرماڵدیهاید (کە پەیوەندی بە شێرپەنجەوە هەیە).
هەروەها توێژینەوەکانی دیکە دەریانخستووە کە بەکارهێنەرانی جگەرەی ئەلیکترۆنی لەوانەیە زیاتر تووشی نەخۆشی درێژخایەنی سییەکان ببن.
دەزگای تەندروستی نیشتمانی بەریتانیاش دەڵێت، جگەرە ئەلیکترۆنیەکان زیانی کەمتری هەیە لە جگەرەی توتن و ڕێگەیەکی کاریگەرە بۆ وازهێنان لە جگەرە، بەڵام جەخت دەکاتەوە، بەتەواوی سەلامەت نییە و کاریگەرییە درێژخایەنەکانی تا ئێستا نادیارە.