نەخواردنی میوە بۆ تووشبووانی شەکرە، رێگەیەکە بۆ پێ بڕینەوە!

یەکێک لەو هەڵەتێگەیشتنانەی لای تووشبووانی شەکرە دروستدەبێت ئەوەیە کە “میوە خراپە، چونکە شەکری خوێن بەرز دەکاتەوە، بۆیە نابێت بیخۆن”، تەنانەت بەشێک لە پزیشکانیش هەمان قسە بڵاودەکەنەوە، سەرئەنجام ئەوەندەى دیکە ئەو باوەڕە لاى نەخۆش جێگیردەبێت.

هەڵە گەورەکە ئەوەیە، وابزاندرێت تاکە ئامانج لە چارەسەری شەکرە بریتییە لە کۆنتڕۆڵ کردنى شەکرى خوێن، بەڵام ئامانجى سەرەکی بریتییە لە پاراستنى ئەو ئەندامە گرنگانەى جەستە کە نەخۆشیی شەکرە هەڕەشەیە لەسەریان، هاوکات کۆنتڕۆڵکردنی شەکری خوێن تەنیا یەکێکە لە هۆکارەکانی پاراستنی ئەندامەکان نەوەکو هەموو هۆکارەکان.

گرنگترین ئەو ئەندامانە بریتین لە دڵ، مێشک، پێ، چاو، گورچیلە و دەمارەکان کە نەخۆشیی شەکرە زۆرترین زەبریان پێدەگەیەنێت، تەنانەت ‘نەخۆشکەوتن، پەککەوتن و مردن’ لە تووشبووانی شەکرە هەر بەهۆى پەککەوتن و ناڕێکیی ئەو ئەندامانەوەیە.

جەستە ناتوانێت ڤیتامینەکان وەربگرێت، بۆیە دەبێت لەڕێگەی خۆراکەوە دابینبکرێن، کاتێک هەر یەکێک لە ڤیتامینەکان لەڕێگەی خۆراکەوە وەرنەگیرێت، جەستە لێی بێبەش دەبێت و فەرمانەکانی پەکیان دەکەوێت، هەروەها وەرگرتنى ئەو ڤیتامینانەش دەبێت لەڕێگەی خۆراکەوە بێت نەوەکو دەنکۆڵەی تەواوکەرەخۆراکییەکان

میوەکان سەرچاوەی سەرەکیی ڤیتامینەکانن، راستە لە خۆراکی دیکەشدا هەن، بەڵام بەهۆى کوڵاندنەوە تێکدەشکێن و رێژەی ڤیتامینەکان کەمدەبنەوە، بۆیە میوە بە خاوی و بەبی کوڵاندن دەبێت بخورێت، چونکە وادەکات تەواوی ڤیتامینەکان بۆ جەستەی تووشبووانی شەکرە بەردەستبکات، بۆیە نەخواردنى میوە تاوانە!

دامەزراوەی شەکرەى ئەمریکى ADA رایدەگەیێنێت، دەبێت هانی تووشبووانی شەکرە بدرێت کە میوە بخۆن، بەو مەرجەى رەچاوى بڕی شەکرى نێو خوێنیان بکرێت، میوەکان جگە لە شووتی لەو خۆراکانە نین کە شەکریان زۆر تێدایە، بۆیە باشترین رێگە ئەوەیە؛ جگە لە شووتى، هەموو میوەکانى دیکە بخورێن، بەشێوەیەک کە لە هەر ژەمێکدا جۆرێکی جیاواز لە میوە بخورێت.

دەمارەکان هاوشێوەی سەرجەم ئەندامەکانی جەستە پێویستیان بە ڤیتامینەکان هەیە، هەروەها پەککەوتنی دەمارەکانیش سەرەکیترین هۆکارە بۆ بڕینەوەى پێیەکان لە تووشبووانی شەکرە، سەرئەنجام نەخواردنى میوە هۆیەکى سەرەکی دەبێت بۆ پێ بڕینەوەی تووشبووانی نەخۆشیی شەکرە.

دکتۆر زانا ئەحمەد
پسپۆڕی هەناو

ھەواڵی زیاتر