نەوتى بەسرە قەرەبووى نەوتى هەرێمى کوردستان دەکاتەوە

وەزیری نەوتی عێراق: لە نەوتى بەسرە قەرەبووى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەکەینەوە بۆ پارەدارکردنى بودجەى گشتى.

رۆژی 4ـ5- 2023، لیژنەى دارایی پەرلەمانى عێراق لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی وەزیری نەوتی عێراق کۆبوەوە و وەزیرى نەوت پێى راگەیاندوون کە لە نەوتى بەسرە قەرەبووى راگرتنى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان دەکەنەوە و بڕى هەناردەى نەوتیان بەرزکردووەتەوە بۆ سێ ملیۆن و 500 هەزار بەرمیل لە رۆژێکدا.

هەروەها وەزیرى نەوت راگەیاندوە کە بەرزکردنەوەى ئاستى هەناردەى نەوت لە بەسرە بۆ قەرەبووکردنەوەى داهاتى بودجەیە لە فرۆشى نەوت و پرۆسەى قەرەبوو کردنەوەى هەناردەى نەوتى هەرێمى کوردستان لە بەسرەوە دەستیپێکردووە.

بەگوێرەى ئامارى کۆمپانیاى بەبازاڕکردنى نەوتى عێراق (سۆمۆ) بۆ مانگى نیسانى رابردوو، لەو مانگەدا رۆژانە لە بەسرەوە سێ ملیۆن و 288 هەزار بەرمیل نەوت هەناردەکراوە.

ھەواڵی زیاتر