ئایا بەڕاست عێڕاق مەبەستیەتی کێشەکانی لەگەڵ هەرێمی کوردستان چارەسەر بکات؟

لە ڕێگای ئەم نوسینەوە تیشک دەخەمە سەر ئەو پرسە سەرەکیانەی لەم ماوەی دواییە بوونەتە جێگای مشتومڕ لە نێوان بەغدا و هەولێر بە تایبەتی بابەتی موچە و بودجە، هەڵبژاردن و پرسی کۆتاکان، ئایا عێڕاق چی کردووە و دەیتوانی چی بکات ئەگەر مەبەستی چارەسەرکردن بوایە.

١- پرسی موچە:
وەک ئاشکرایە لە دوای ساڵی ٢٠١٤ بودجەی هەرێمی کوردستان لەلایەن حکومەتی ناوەند بڕدرا بە پاساوی دژایەتیکردنی پرۆسەی دەرهێنان و فرۆشتنی نەوت لەلایەن هەرێمەوە.
دواتر ئەوە لە ساڵی ٢٠١٥ بە بڕیارێکی سیاسی و سەپاندنی زۆرینە یاسای بودجەی عێڕاق تێپەڕێندرا بەبێ گوێگرتن بۆ هەرێم، هاوکات رێژەی بەشەبودجەی هەرێمیان لە ١٧٪ کەمکردەوە بۆ ١٢.٦٧٪. هەروەها بابەتێکی نوێیان لە بودجە داهێنا کە ئەویش بەستنەوەی ئەو رێژەیە بە ئینفاقی فیعلی ( واتا حکومەتی ناوەند دوای دەرکردنی بودجەی حاکیمە (کە پشکی شێری بودجەی بەرکەوتووە)، سەیر دەکا مانگانە چەند خەرج دەکات ئینجا لە کۆی ئەو خەرجیە ١٢.٦٧ بۆ هەرێم دەنێرێ)
جێگای باسە حکومەتی عێڕاق بە بەرنامە ساڵ بە ساڵ بودجەی حاکیمەی زۆر کردووە و ئینفاقی فیعلی کەمکردووە بەوەش ڕێژەی هەرێم کەم بووە.
بە درێژسی ئەو ١٠ ساڵەی بودجەی تێدا بڕاوە یان بەشێکی نێردراوە، حکومەتی هەرێم ئاماژە بەوە دەکات نزیکەی ٧٠ ملیار دۆلاری لێ خوراوە لە لایەن حکومەتی ناوەند.

لەگەڵ دەتسپێکردنی کابینەکەی سودانی هەوڵ درا یاسایەکی بودجەی ٣ ساڵی دەربچێ بۆ ئەوە کێشەکان چارەسەر بکات، بەڵام بەداخەوە لەگەڵ چوونەبواری جێبەجێکردنی ئەو یاسایە چەندین پاساو دۆزرایەوە لەلایەن وەزارەتی دارایی عێڕاق کە ناتوانێ یاسای بودجە وەک خۆی جێبەجێ بکات و بەشە بودجدی هەرێم کە نزیکەی ١٦.٥ ترلیۆن دینارە بدات.
لەسەر ئەوە هەندێک فەرمانبەری کوردستان دەعوایەکیان جولاند لە بەردەم دادگای فیدراڵی بۆ داواکردنی موچەکانی مانگی ٧- ٨ ساڵی ٢٠٢٣ بەڵام دادگای فیدراڵی بەبێ لەبەرچاوگرتنی ناوەڕۆک و داخوازی داواکاران و بنەماکانی دەستور، بە ٢٠ لاپەڕە هەندێک بڕیاری نادەستوری دا. کە ئەوەش کاردانەوەی حکومەتی هەرێمی لێ کەوتەوە و ڕەتی کردەوە بەو شێوەیە ئامادە بێت ئەو بڕیارانە جێبەجێ بکات کە دژی بنەماکانی دەستورە.

  • ئایا دەتوانرا بە شێوەیەکی تر ئەو بابەتە چارەسەر بکرێ؟
    بەڵێ، ئەگەر عێڕاق نیازی چارەسەرکردنی هەبا بەبێ ئەوەی پێشێلی مافە دەستوریەکانی هەرێم بکات، دادگای فیدراڵی دەیتوانی بە شێوازێکی تر بڕیاری لەو بابەتە دابایە، بۆ نمونە: دەکرا حکومەتی ناوەندی پابەندکردبا بە کردنەوەی لقی بانکە حکومیەکانی عێڕاق لە هەرێم، بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی عێراق و دەستەی چاودێری دارایی هەردوو لا، هەژماری بانکی بۆ موچەخۆران کرابایەوە. لەو بەشە بودجەی کە بۆ هەرێم دیاریکراوە لە بودجە ( دوای گواستنەوەی موچەی موچەخۆران لە ئینفاقی فیعلی بۆ سەر بودجەی حاکیمە وەکو موچەخۆرانی عێراق)، وە مانگانە وەزارەتی دارای عێراق بەشە بودجەی هەرێمی خستبایە سەر هەژماری حکومەت لە بانکی ناوەندی ئەویش لە ڕێگای خۆیەوە پارەی موچەی خستبا سەر ئەو بانکە حکومیانە بۆ ئەوەی لە ڕێگای ئەوانەوە دابەش کرابا.

٢- پرسی یاسای هەڵبژاردن: یەکێتی تانەی لە یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان دا لەبەردەم دادگای فیدراڵی. کە لە ڕووی یاسایی و دەستوری بینی ئەو جۆرە داوایانە لە تایبەتمەندی ئەو دادگایە نیە بەپێی ماددەی ٩٢ دەستور. بەڵام دادگای فیدراڵی هەڵسا رۆڵی دەسەڵاتی تەشریعی (یاسادانان) بەخۆی دا و هەمواری ئەو یاسایەی کردەوە کە لە ساڵی ١٩٩٢ لە هەرێم بەرکارە و چەند جارێک هەموارکراوەتەوە. کە ئەوەش پێشێلکردنێکی زەقی بنەماکانی دەستورە.
چونکە دیارکردنی سیستەمی هەڵبژاردن و دابەشکردنی بازنە و کورسیەکان و دیارکردنی کۆتاکان، دوورخستنەوەی رۆڵی ئەنجومەنی دادوەری هەرێم لەبینینی تانەکان، کاری دادگای فیدڕالی نیە، با یەک شارەزای یاسایی و دەستوری لە عێڕاق و جیهان بێت بڵێت ئایا بۆچی یەک بازنەیی نا دەستوریە یاخود دانانی کورسی بۆ کۆتاکان نا دەستوریە.

  • دەتوانرا چۆن چارەسەر بکرێت؟

دادگای فیدراڵی بە حوکمی ئەو پێگە هەستیارەی کە هەیەتی نەدەبا خۆی بخزێنێتە نێو ئەو بابەتانە کە لە دەسەڵاتی ئەو نین، لە جیاتی ئەوە دەیتوانی بڕیار بدات بە ڕەتکردنەوەی داواکا لەبەر نەبوونی تایبەتمەندی. ئەو کات هەرێم ناچار دەبوو بەهەمان یاسای بەرکار هەڵبژاردن ڕێک بخات و دواتر پەرلەمانی نوێ بڕیاری لەسەر هەموارکردنی یاسای هەڵبژاردن و کۆتاکان دابا.

٣- پرسی کۆتاکان:
ئەوەش پەیوەندی بەو داوایە هەبوو کە یەکێتی لەبەردەم دادگای فیدراڵی بەرزی کردبووە، بەڵام لە ناوەڕۆکی داواکەی یەکێتی هیچ داوایەک نەبوو لە دادگا کە کورسی کۆتاکان نەهێلێ. کەچی دادگای فیدراڵی دور لە بنەماکانی یاسای دادبینی کە دەڵێت دادگا تەنیا دەتوانی بڕیار لەو داواکاریانە بدات کە لە ناوەڕۆکی دەعواکە هاتووە، بەڵام سەرەرای ئەوە، دادگای فیدراڵی بەبێ بوونی هیچ بنەمایەکی دەستوری بریاری دا بە هەڵوەشانەوەی کورسی کۆتاکان، لە کاتێک دا لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمان و ئەنجومەنی پارێزگاکانی عێڕاق کورسی کۆتا بوونی هەیە. لێرەدا دووبارە بە تەحەداوە دەپرسین، ئایا دادگای فیدراڵی بەپێی چ ماددەیەکی دەستوری کورسی کۆتاکانی هەڵوەشاندوە؟

  • ئایا ڕێگاچارەی تر هەبوو بۆ پرسی کۆتاکان؟
    بەڵێ هەبوو، بۆ ئەوەی گومان لەسەر ئیستغلالکردنی کورسی کۆتاکان نەمابا لەلایەن هەندێک لایەن، دەتوانرا داتای دەنگدەری کۆتاکان لەلایەن کۆمیسۆنی هەڵبژاردنەکان جیا بکرابایەوە لە دەنگدەری گشتی، بە شێوەیەک تەنیا مەسیحیەکان بتوانن دەنگ بە کاندیدە مەسیحیەکان بدەن و تەنیا دەنگدەری تورکمان دەنگ بە کاندیدە تورکمانەکان بدەن. بەوەش هەر کەسەو بە دەنگی پێکهاتەکەی خۆی دەهاتە پەرلەمان ئینجا رێژەی دەنگەکانی هەرچەند بێت.

لە کۆتاییدا دەڵێین بەداخەوە حکومەت و پەرلەمان و دەسەڵاتی دادوەری عێڕاق بە شێوەیەک بڕیاریان لەوبپرسانە داوە کە لەسەر حیسابی پێگە و قەوارە و مافە دەستوریەکانی هەرێم بێت، وزیاتر رۆڵی ناوەند بەسەر هەرێم بسەپێنن. هاوکات لە نیوخۆی کوردستان لایەنداریان پێوە دیارە بۆ لایەنێکی دیاریکراو لەسەر حیسابی لایەنی تر. کە ئەوەش گومان و تێبینی لەسەر ئەو بڕیارانە دروست کردووە.

بۆیە بە ڕوون و ئاشکرا و ڕاشکاوی دەتوانین بڵێین دەسەڵاتدارانی عێڕاق نیازیان چارەسەرکردنی بابەتەکان نەبووە بەقەدەر ئەوەی ئیرادەی خۆیان بسەپێنن و کێشە و گرفتەکان قوڵتر بکەن. و ئەگەر نیازیان پاک با و مەبەستیان بەرژەوەندی هەرێم و خەڵکەکەی با، بەم شێوەیە پرسەکانیان یەکلا نەدەکردەوە.

قوتابی دکتۆرا: ئیبراهیم مەندەلاوی.

ھەواڵی زیاتر